کشتوکاڵی سلێمانی: لە دوو ناوچە بەرهەممان نزیکەی 50% زیادیکردووە و تێچوویش 50% کەمیکردووە

بەڕێوەبەری باخداری لە کشتوکاڵی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ناوچەی بازیان و پێنجوێن دوو پرۆژەیان بۆ 13 جووتیار جێبەجێکردووە، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە جووتیاران تێچووی کشتوکاڵیان بە رێژەی 50% کەمیکردووە و بەرهەمەکانیانشیان لەنێوان 20 بۆ 50% زیادیکردووە. دەشڵت، “بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی لە عەلوەکاندا دەکرێن بۆ بەرهەمی خانووە پلاستیکییەکان، هیچ کێشەیەکیان نییە و نزیکەی 80% بۆ 90% تەندروستە.”

جەلیل شەمسەدین، بەڕێوەبەری باخداری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا نزیکەی 6500 دۆنم زەوی کراونەتە خانووی پلاستیکی و ئەو خانووە پلاستیکییانە رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دابینکردنی بەرهەمی نێوخۆیی.

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەمساڵ لە دوو ناوچەی سلێمانی، پرۆژەی بۆ 13 جووتیار جێبەجێکردووە بۆئەوەی رێنوێنیی بەکارهێنانی ماددەی قڕکەر و پەینی کیمیایی لە بەرهەمەکانیاندا رێکبخەن.

بەڕێوەبەری باخداری لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی گوتیشی، “لە ناوچەی بازیان و پێنجوێن، 13 جووتیارمان هەڵبژارد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی هەمانبوو بۆئەوەی بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر و پەینی کیمیایی لە بەرهەمەکانیاندا رێکبخەین، لە بازیان حەوت جووتیار و لە پێنجوێنیش شەش جووتیار.”

جەلیل شەمسەدین گوتیشی، “دوای جێبەجێکردنی پرۆژەکەمان لە بازیان و پێنجوێن، کە لەڕێگەی پێدانی رێنوێنیی کشتوکاڵی و جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان، بەرهەمی ئەو جووتیارانەی بەشداری پرۆژەکەیان کرد لەنێوان 20% بۆ 50% زیادیکردووە، هەروەک تێچووی بەرهەمەکانیشیان نزیکەی 50% کەمیکردووە.”

بەڕێوەبەری باخداریی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا نزیکەی 6500 دۆنم زەوی کراونەتە خانووی پلاستیکی.

لەبارەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە خانووە پلاستیکییەکاندا بەرهەم دەهێندرێن، بەڕێوەبەری باخداری لە کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، “پاڵپشت بەو پشکنینانەی لە عەلوەکان دەکرێت، بەرهەمی خانووە پلاستیکییەکان زۆربەی هەرەزۆری 80% تاوەکو 90% تەندروستە و هیچ کێشەیەکیان نییە.”

دڵخوازەكانتان