وەزیری تەندروستیی: سێ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ڵمانی له‌ هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کاری دروستکردنی سێ نەخۆشخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە و تەنیا ماوە فەرمانبەر و کارمەندیان بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی بکرێنەوە و دەستبەکار بن و بکەونە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

سێ نەخۆشخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ”لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کردووە دەربارەی پڕۆژە تەواوکراوەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کە ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی جی‌ئای‌زێدەوە تەواوی کردوون، بەتایبەت دەربارەی ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو نەخۆشخانانەی ئەڵمانیا لە بەحرکەی هەوڵێر و فریاکەوتن لە دهۆک و نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە سلێمانی جێبەجێی کردوون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان گفتوگۆمان کرد.”

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: ”ئەوان داوایان کردووە کە پەلە بکرێت لە دامەزراندنی کارمەند و فەرمانبەرانی پێویست بۆ ئەو نەخۆشخانانە بۆ ئەوەی بکرێنەوە، وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستاش ڕۆڵێکی گەورەی لە هاوکاری و پاڵپشتیکردنی دامودەزگا تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە و چەندین جار پڕۆژەی گەورە و خێزخوازیی جۆراوجۆریان جێبەجێ کردووە.”

دڵخوازەكانتان