سێ رۆژە درۆنی “نەناسراو” لە سنووری سلێمانی دەسووڕێتەوە

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا چەند جارێک درۆن بە ئاسمانی شارەزوور و چەمچەماڵدا سووڕاونەتەوە و دڵەڕاوکێیان لای هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی کارگێڕیی ئەو ناوچانە، درۆنەکان “نەناسراون”.

لە سێ رۆژی رابردوودا چەند جارێک درۆن بە ئاسمانی شارەزوور و بەتایبەت شارۆچکەی وارماوادا سووڕاونەتەوە. رۆژی سێشەممە 29-11-2022، ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری شارۆچکەی وارماوا (زەڕایەن)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەوان ئاشکرا نەبووە درۆنی چ وڵاتێکن دەسووڕێنەوە. 

ئاوارە حەمەشەریف: “ئێمە پارێزگای سلێمانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و پێمانگوتوون، کە درۆن دەسووڕێتەوە و دڵەڕاوکێی دروستکردووە؛ چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین بزانین درۆنی چ وڵاتێکن و بۆچی لە سنوورەکەمان دەسووڕێنەوە”.

لە نزیک شارۆچکەی وارماوا و لە کۆمەڵگەی باریکە، کەمپێکی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، کە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە شاری روومادی لە عێراق ژیاون و دواتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەو کەمپە نیشتەجێکراون.

لە دوو مانگی رابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی لە کۆیە، جێژنیکان و زڕگوێز لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کردووەتە ئامانج. بەڕێوەبەری شارۆچکەی وارماوا گوتی “هیچ” حیزبێکی باکوور یان رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکیا بن لە سنوورەکەی ئەواندا نین.

چەمچەماڵ یەکێکی دیکەیە لەو ناوچانەی درۆن بە ئاسمانەکەیدا سووڕاوەتەوە و دیمەنەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “بەگوێرەی ئەوەی هاونیشتمانییان و دەزگا ئەمنییەکان ئاگاداریان کردووینەتەوە، درۆن سووڕاونەتەوە، بەڵام هیچ مەترسییەکیان دروست نەکردووە”.

رۆژی 21-5-2022 ئۆتۆمبێلێک لە گوندی “تووتەقەڵ”ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر کە دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کرایە ئامانج؛ هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە رووداوی گوتبوو، ئۆتۆمبێلەکە “هی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵانە، دوو هاونیشتمانیی گوندەکانی تووتەقەڵان و سەرچنار لەگەڵ سێ چەکداری پەکەکە [خەڵکی گوندەکە دەڵێن پەکەکەن] لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و کوژراون.”

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وابڵاوکراوەتەوە، کە درۆن بە ئاسمانیدا دەڤەری هەورامان و شارۆچکەی بیارەشدا سووڕاوەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری شارۆچکەکە ئەوەی رەتکردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “هیچ درۆنێک لە ئاسمانی هەورامان و ناوچەکەمان نەسووڕاوەتەوە، هیچ کەسێکیش شتێکی بەو شێوەیەی نەبینیوە و ئێمە ئاگادار بکاتەوە”.

دڵخوازەكانتان