سەرۆكی حكوومەت: پەروەردە بناغەی هەر کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و ئاوەدان و کراوەیە

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) لەبارەی گرنگیی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێركاری لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، چەند تویتێكی بڵاو كردەوە.

سەرۆكی حكوومەت نووسیویەتی: “پەروەردە بناغەی هەر کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و ئاوەدان و کراوەیە. داهاتوومان بەندە بە پەروەردەوە. بۆیە ئێمە لەم کابینەیەدا پەروەردەمان لە پێشینە داناوە.”

مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێ: “دەزانم قوتابخانەکانمان پێویستیان بە بودجەی زیاترە، مامۆستاکانمان پشتگیریی زیاتریان پێویستە، دەرچووانیش پێویستیان بە هەلی کاری زیاترە. هەروەها دەبێت باشتر خزمەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەین، بەڵام داهاتووی کوردستان پێویستی بە گەشەسەندنی لێهاتوویی ئابوورییەکی جیهانی و کێبڕکێیشە.”

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: “پەسەندکردنی ئەمڕۆی پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێركاری لەلایەن پەرلەمانی کوردستان نزیکمان دەکاتەوە لە هێنانەدی ئەو کارە؛ ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ پەروەردەی کوالیتی بۆ هەمووان دادەنێت. پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشداربوون، لەوانە وەزیر و تیمەکەی، سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەروەردەکاران و ئەکادیمیسیانەکانی پشت ئەم هەوڵە نیشتمانییە.”

كوردستان لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا، پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، پەسەند كرد.

دڵخوازەكانتان