ڤیان سه‌بری: کارنامە و ناوی وەزیرەکان بەدەست په‌رله‌مان نەگەیشتووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا کارنامە و ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێ بەدەست ئێمە نەگەیشتووە، ئەستەمە سبەی پەرلەمان بتوانێت متمانە بەکابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدات.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ھێشتا دیارنییە کە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، واتا کاتی بۆ دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی دەنگ بەکابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدرێت، بۆیە ئەستەمە سبەی پەرلەمان کۆبێتەوە و دەنگ بەکابینەی نوێ بدات”.

دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: “بۆ ئەوەی دەنگ بەکابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدرێت پێویستە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ٧٢ کاتژمێر کارنامە و زانیاری و ناوی کاندیدەکانی وەزارەتەکان رەوانەی پەرلەمان بکرێت و بگاتە دەستی پەرلەمانتاران، بۆیە تائێستا بەفەرمیی ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەدەست ئێمە نەگەیشتووە، تاوەکو لێی ئاگاداربین و زانیاریمان لەبارەیەوە ھەبێت، بۆیە زەحمەتە بتوانن سبەی دەنگ بەکابینەی نوێ بدرێت”.

ناوبراو گوتیشی: “دابەشکردنی پۆستە وەزاریەکان لەکابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و خاڵبەندی دەبێت و لەپۆستە وەزاریەکان کە بەرکوردیش دەکەون زۆرینەی پۆستە وەزاریەکان بۆ پارتی دەبێت”

دڵخوازەكانتان