مەسرور بارزانی: بە دیجیتاڵکردنی حکومەت هەنگاوێکە بۆ رێگەگرتن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی “هەنگاوێکی زۆر گرنگە بەرەو برەودان بە روونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراسی و رێگەگرتن لە گەندەڵی و بەهەردەردانی سامانی گشتی”.

مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ راگەیاندنی پرۆژەکە دەربڕی و گوتی: ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی کە بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە ئامانجی ستراتیجییەکە کرد و رایگەیاند، ئامانجامان ئەوەیە کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا، واتا تا کۆتایی ساڵی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ببێتە یەکێک لە سەر لیستی حکومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجیتاڵکردن و حکومەتی ئەلیکترۆنی.

هاوکات باسی لە نەخشە رێگایەك کرد کە دەستیان بەجێبەجێکردنی کردووە، سەرۆکی حکومەت لە گوتارەکەیدا دەڵێت: ئەم نەخشە رێگەیە، هاوكاری و ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەشی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییانە بکەن کە گرنگن و کاری لە پێشینەن بۆ ئەنجامدانیان. 

مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینی یەکگرتوو و بەتایبەتی کونسوڵی گشتیی بەرتیانیا لە هەولێر دەیڤد هانت و تیمەکەی دەکات کە رۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە بەرهەمهێنانی ئەم ستراتیجیە و هاوکاریکردنی نووسینگەکەی لەو بوارەدا.

لە نموونەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت، مەسرور بارزانی سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان و کردنەوەی سەنتەری ناوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت “هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان”.

سەرۆک حکومەت ئاماژەی بەوەشدا، سەنتەری ناوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی زۆر باشتر، خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەمی دەدات بەرەو برەودان بە روونی شەفافیەت و، نەهێشتنی بیرۆکراسی و رێگەگرتن لە گەندەڵی و بەهەردەردانی سامانی گشتی.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا و وەک بەشێک لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سیستەمێکی نوێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان رادەگەیەنین، کە بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر و خێراتر و هەرزانتریش، خاوەنکار و وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان، دەتوانن کۆمپانیاکانیان تۆمار بکەن، ئەمەش کاریگەری باشی لە بواری گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی دیکەی لە بواری دیجیتاڵی ئاشکراکرد، کە بڕیارە  لە مانگی داهاتوودا بخرێتەکار، ئەویش سیستەمی ( ڤیزای ئەلیکترۆنی E-visa) یە کە بە گوتەی سەرۆکوەزیران، کارئاسانییەکی باش دەکات بۆ گەشتیياران و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامی کارکردن لە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت دووپاتکردەوە، کە یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەم.

سەرۆکی حکومەت باسی لە ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی دەکات و دەڵێت: ئەم کارەی کە دەکرێت ماندووبوونێکی زۆری پێویست بووە و ئێمە زۆر جار کە باس دەکەین دەمانەوێت ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری دروست بکەین، ئەمە ئەو ژێرخانەیە بۆ یارمەتیدانی هەموو کەرتەکانی حکومەت تاکو بتوانین بە شێوەیەکی باشتر ئەم ژێرخانە دروست بکەین و جێی متمانەی خەڵک بێت و خێراتریش بتوانێت بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر هەنگاو بنێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: لەوانەیە زۆر خەڵک ئێستا بۆیان بەدیار نەکەوێت گرنگی ئەم پڕۆژەیە چییە. راستە وەکو باڵاخانەیەک نییە لەبەرچاو بێت خەڵک بیبینێت، بەڵام دڵنیام دوای ماوەیەکی کەم ، هەست بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆژەیە چەند گرنگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان. لە ئەنجامدا، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەین .

دڵخوازەكانتان