ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتن و خۆپێشاندان دەکات

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پاڵپشتی لە مانگرتنەکەی رۆژی شەممەی داهاتووی بەرلین دەکات و داواش دەکات خەڵکی نێوخۆش لەو رۆژەدا مانبگرن و خۆپێشاندان بکەن.

لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 19-10-2022 بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لە درێژەی دووەمین مانگی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رژێمی ئێران “دەستی بە تووندوتیژی، سەرکوت و کوشتنی خۆپێشاندەران و لەنێویاندا منداڵان کردووە و گرتووخانەکانی بە خۆپێشاندەر و کەسانی ناڕازی پڕکردووە.” 

ناوەندی هاوکاری لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی ئێران دەکات و دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەنێوخۆی ئێران نین، بەڵکو هاووڵاتییانی دەرەوەی ئێرانیش سەرەڕای جیاوازی سیاسی، زمانی و کولتووری، بەشێوەیەکی یەکگرتوو هاتوونە گۆڕەپانی خۆپێشاندان لە زۆربەی وڵاتان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، شەممەی داهاتوو 22ی ئۆکتۆبەر، بە داواکاری حامید ئیسماعیلیون، گوتەبێژی ئەنجوومەنی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی، بڕیاری خۆپێشاندانی گشتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دراوە و بەو مەبەستەش، ناوەندی هاوکاری پاڵپشتی لە راگەیێندراوەکەی ئەو ئەنجوومەنە دەکات و داوای بەشداریی چالاکانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەو خۆپێشاندانەدا دەکات. 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکات، رۆژی شەممە لە کاژێر 12ی نیوەڕۆوە دەست بە مانگرتن و خۆپێشاندان لە هەموو شارەکان بکەن بۆ “وەڵامدانەوە بە تووندوتیژییەکانی رژێمی ئێران و کوژران و دەستبەسەرکردنی خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.”

دڵخوازەكانتان