دادگای باڵای ئەمریكا هەڵوەشاندنەوەی یاسای “ئۆباما كەیر” رەتكردهوه
دادگای باڵای ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی حوزەیرانی 2021 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای تەندروستیی گشتیی باراك ئۆباما ناسراو بە (ئۆباما کەیر) بۆ بیمەی تەندروستیی رەتكردەوە بەهۆی ئەوەی چارەسەریی كێشەی تەندروستیی ملیۆنان ئەمریكی دەكات.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كاری لەسەر كرابوو، بەڵام پرسەكە تاوەکو كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ترەمپ هەر یەكلایی نەبووەوە و دادگای باڵای ئەمریكا ئەمڕۆ بە دەنگی حەوت دادوەر لە كۆی نۆ دادوەر، داوای هەڵوەشاندنەوەکەی رەتكردەوە.
یاساكە لە خولی یەكەمی دەسەڵاتی باراك ئۆباما پەسندكرا، بۆ ئەوەی بە خەرجییەكی كەم لە رێگەی ئەم یاسایەوە چاودێری تەندروستیی ئەمریكییەكان بكرێت بەتایبەتی ئەوانەی داهاتەكانیان سنووردار و هەژارن.
جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رەخنەی تووندی لە كۆمارییەكان گرت بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە، كە لە سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆناش سوودی بۆ ئەمریكییەكان هەبووە.
بەشێوەیەكی گشتیی، یاسای ئۆباما كەیر هانی هەموو ئەمریكییەكان دەدات بەتایبەتی ئەوانەی كە تەندروستیشیان زۆرباشە بۆ ئەوەی خۆیان لەم سیستمە تۆماربكەن و مانگانە بیمەیەكی دیاریكراو بدەن. لەبەرامبەردا كۆمپانیاكانی دڵنیایی تەندروستیی ناچار دەكات، هاوكاری بەشداربووانی سیستەمەكە بكەن.
لە رێگەی ئەم سیستەمە نوێیە، 31 ملیۆن ئەمریكی لە دڵنیایی تەندروستیی گشتیی سوودمەند بوون، بەڵام كۆمارییەكان رەخنەیان لەم سیستەمە دەگرت بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی دڵنیایی ناچار دەكات پابەندی حكومەت بن و لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرخ بكرێن، بەپێچەوانەوە كۆمپانیاكانی دڵنیایی سزا دەدرێن.