ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیەنرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیێنێت. 

قوتابییانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، ئەوانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەوە لەکاتی چالاکبوونیدا (www.regayzanko.com) ئەنجامەکان وەربگرنەوە و بزانن کە لە کام زانکۆ یان پەیمانگەی هەرێمی کوردستان ناویان هاتووەتەوە. 

لەبارەی گۆڕینی کۆلێژ و بەشەکان دوای دەرچوونی ناوی قوتابییان، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “گەڕانەوەی ناوی قوتابییان تایبەتە بە قوتابی کە خۆی لەو 50 بژاردەیەی پڕی کردووەتەوە ناوی لە شوێنێک دێتەوە، ئەگەر قوتابییەکیش بیەوێت لە شوێنێک یان لە شارێک دەوام نەکات، دەبێت ساڵی یەکەم دەوام بکات و سەرکەوتووبێت و ساڵی دواتر دەتوانێت داواکاری بۆ گواستنەوە بۆ شارەکەی خۆی پێشکێش بکات.” 

ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی “کەمتربوون” لە ساڵی رابردوو، بەڵام پلانیان کەمنەکردووەتەوە بەڵکو زیادیان کردووە.   

وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەش کرد، دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی زۆر لەبارترە لە ساڵانی رابردوو.. ئەمساڵ 41 هەزار و 253 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون.

دڵخوازەكانتان