كەمپینێك: گیانی سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی لەئەستۆی سەرۆكی یەكێتییە

كەمپینێك لە لایەن ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەوە واژۆ دەكرێت و تێیدا سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەرپرسیار لە گیانی سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی دادەنرێت.

بەپێی زانیارییەكان، كەمپینەكە لە لایەن دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەوە واژۆ كراوە و یاداشتێكیان بە ناونیشانی (پێشێلکاری و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بوەستێنن!‎) پێشكەش كردووە كە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە: ”گیانی رۆژنامەنووسان سەرتیپ قەشقەیی‌ و ئیبراهیم عەلی لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی و خودی سەرۆکی یەکێتییە. رفاندن و دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەنووسی دەزگای میدیایی بوار كە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و ونکردنیان بۆ ماوەیەکی زەمەنی، کارێکی نامەدەنی و ناشارستانییە و سەرەتایەکی مەترسیدارە دەرهەق بە رۆژنامەنووس و دەنگی ناڕازیی لە هەرێمی کوردستان و هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.“

هاوكات بە ئەرکی هەموو دەزگاكانی راگەیاندن، رۆژنامەنووسان، هەڵسوڕاوانی مەدەنی، لایەنە سیاسییەكان، ئازادیخوازان و پەرلەمانتاران زانراوە كە ”بە ئەرکی خۆیان هەڵسن و هەڵوێستی جددی و بەرپرسانەیان هەبێت بەرامبەر ئەم هەوڵ و پێشێلکارییانەی دژ بە رۆژنامەڤانان و دەنگە ناڕازییەکان دەکرێت.

دووپاتیش كراوەتەوە، ئەوەی بەرانبەر ئەو دوو رۆژنامەنووسە کراوە، پێشێلکارییەکی یاسایی و دیموکراسی و بەتایبەت پێشێلکاریی زەقی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی کاری رۆنامەگەرییە، کە لە ماددەی حەوتەم لە بڕگەی پێنجەم بە روونی ئاماژەی پێ کراوە، بۆیە ئەم کارە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان یەک ناگرێتەوە.“

لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە (بوار میدیا – ئەو دەزگایەی سەرتیپ جەوهەر و ئیبراهیم عەلی كاری تێدا دەكەن) ”لە ماوەی رابردوودا بە شێوازێکی بەرنامەداڕێژراو و چڕ ھێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر و لە ھەوڵی سڕینەوەی دەزگاکەدا بوون، دوای سەرنەکەوتنی ئەم ھەوڵە، چەندین جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھەڕەشە لە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسین و رۆژنامەڤانانی ئەم دەزگایە کراوە.“

لە كۆتاییشدا داوا كراوە، بە شێوەیەکی یەکدەست و یەکگرتووانە بەرامبەر بەو پێشێلکاری و رەفتارە نەخوازراوانە بوەستنەوە و پارێزگاری لە بەها دیموکراسی و ئازادییەکان بکەن لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی كوردستان

دڵخوازەكانتان