سەرۆک بارزانی: قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە

لە 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەنجام و ئاسەوارەكانی، تا قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیان، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە”

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە “زام و ئازاری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ هەتایە لە ناخ و دڵی هەموو كوردستانییەكدا دەمێنێتەوە و لەیاد ناکرێت. بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەنجام و ئاسەوارەكانی، تا قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیان، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە. لە سی و حەوت ساڵەی کارەساتی بۆمببارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و خانەوادە و كەسوكاری شەهید و بریندارانی ئەو تاوانە دەنێرین.”

لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، لە 16/3/1988 شاری هەڵەبجە كەوتە بەر دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی، ڕژێمی عێراق بە چەند غازێکی ژەهراوی شارەکەی كیمیاباران کرد لەوانە (خەردەل، سیانید، سارین، تابون) کە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی بێتاوان شەھیدکران و  10 هەزار کەسی دیکەش بریندارکران کە پێکھاتبوون لە ژن و مناڵ و گەنج.

کیمیابارانی هەڵەبجە تەنیا کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی شارەکەی لێ نەکەوتەوە، بەڵکوو 140 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان کەسیش لە خێزانەکانیان دابڕاون و تاوەکوو ئێستاش نەدۆزراونەتەوە.

ڕژێمی‌ بەعس شاری هەڵەبجە‌ و شارەدێکانی (سیروان، خورماڵ‌، بیارە، سەیدسادق) بە تەواوتی‌ وێران كرد و دانیشتوانی‌ ناوچەكانی‌ ڕاگواست و سەرجەم شارەدێی و گوندەكانی‌ خاپوور كرد، بە تەنیا لە هەڵەبجە نزیکەی 25 هەزار خانوو وێران و تەخت کران. 

دڵخوازەكانتان