بارزانی نەمر میراتێكی گه‌وره‌ی له‌ ده‌ستكه‌وت و خه‌بات و به‌رخودانی بۆ گه‌لی كورد به‌جێهێشت

ئەمڕۆ 122 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا تێ ده‌په‌ڕێت كه‌ مەلا مستەفا بارزانییە.  

 هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتیدا بارزانی نه‌مر، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ دڵیدا چه‌سپاوه‌ و سه‌ركردایه‌تی ده‌یان داستانی نه‌به‌ردایه‌تی دژ به‌ نه‌یارانی كوردی كردووه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی واشنتنی ئه‌مه‌ریكا كۆچی دوایی كرد‌. 

مەلا مستەفا بارزانی دوای كۆچی دوایشی میراتێكی گه‌وره‌ی له‌ ده‌ستكه‌وت و خه‌بات و به‌رخودانی بۆ گه‌لی كورد به‌جێهێشت و توانی له‌ ته‌مه‌نی خه‌باته‌كه‌یدا نه‌یارانی كورد ملكه‌چی داوا ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.

122 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ رابه‌رایه‌تیی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی به‌رخودانی له‌ دژی نه‌یارانی گه‌له‌كه‌ی كردووه‌. 

مه‌لا مسته‌فا بارزانی لە قۆناغێكی مێژوویی چارەنووسسازدا خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و مه‌ینه‌تیدا دەژیا، جگە لە خودا و ڕەوایه‌تی دۆزەكەی و ئامادەیی ڕۆڵەكانی بۆ مەرگ، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان نه‌بوو، بەڵام ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و ڕەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كوردیان لەق نەكرد و میراتێكی گەورەی لە خەباتگێڕی دژی ستەم و زۆرداری بۆ گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌كه‌ی جێهێشت.

ئه‌و كاریزمایه‌ له‌ 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان له‌ دایكبووه‌ و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتیدا هزری رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ی له‌ دڵیدا چه‌سپاوه‌، له‌ ساڵی 1919 له‌ ته‌مه‌نی شازده‌ ساڵیدا له‌گه‌ڵ 300 كه‌س له‌ پیاوه‌كانی بۆ یارمه‌تیدانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید‌ ده‌چێته‌ سلێمانی.

له‌ ساڵی 1920 بارزانی نه‌مر به‌ نوێنه‌رایه‌تی شێخ ئەحمەدی بارزان ده‌چێته‌ باكووری كوردستان، بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بكەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.

لە نێوان ساڵانی 1931 – 1932 سەرپەرشتیی هێزێكی بارزانییەكان دەكات بۆ بەرگریكردن لە دەڤەری (مێرگەسۆر – شێروان) لە بەرامبەر هێزی داگیركاری ئینگلیزەكان، لەو شەڕەدا بە هۆی لێهاتوویی و كارزانییەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەست هێنا و توانیوویەتی ناوچەكە بپارێزێت.

لە ساڵانی 1943 و 1945 مەلا مستەفا بارزانی، سەركردایەتی شۆڕشەكانی بارزانی لە باشووری كوردستان كردووە.

لە 22ی كانوونی دووەمی 1946 بارزانی لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بەشداریی كرد و لە لایەن قازی محەمەد، سەرۆك كۆماری كوردستان، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.

لە 16ی ئابی 1946 پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا، دواتر لە سەرجەم كۆنگرەكانی ئەو حزبەدا، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.

دوای نسكۆی كۆماری كوردستان، لە 1947 رێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەست پێ كرد، بارزانی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی شاهەنشایی ئێران بكات، بۆیە بە خۆی و پتر لە 500 خەباتكاری كورد، ڕوویان كردە یەكێتی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا، ڕووبەڕووی سوپاكانی عێراق و ئێران و توركیا بوونەوە، دواجار توانییان له‌ رۆژی 17ی حوزەیرانی 1947 له‌گه‌ڵ یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و گەیشتنە یەكێتی سۆڤیەت.

دوای كودەتای چواردەی تەممووزی 1958 بارزانی و یاوەرانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر، پێشوازییەكی گەرمی جەماوەرییان لێكرا.

لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد، شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستانی بەدیهێنا.

لە 11ی ئاداری 1970 بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەباته‌وه‌، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات.

دوای نسكۆی 1975، چاودێریی و سەرپەرشتیی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كوردستانى كرده‌وە.

لە 1ی ئاداری 1979 دا و لەتەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.

لە 4ی ئاداری هەمان ساڵ، تەرمی بارزانی نه‌مر گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر گەڕێندرایەوە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەلایەن سەدان هەزار كەسەوە لە پەنابەرانی هه‌رێمی كوردستان و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی لێكرا، ڕۆژی 5 ئادار، بە ئەمانەت بە خاك سپێردرا.

لە 6ی تشرینی یەكەمی 1993، روفاتی (مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) كوڕی، لە رۆژهەڵاتی كوردستانه‌وه‌، گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هەرێمی كوردستان و لە زێدی لەدایكبوونیان لە بارزان، بەخاك سپێردران.

دڵخوازەكانتان