مه‌سرور بارزانی داوا ده‌كات كاندیدی سه‌رۆككۆمار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دیاریبكرێت

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (8ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر)ـی 2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ دیداری “پرسی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست” له‌ وه‌ڵامی پرسیاری چه‌ند به‌شداربوویه‌كدا له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق رایگه‌یاند: بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی هاوبه‌شی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ئێمه‌ په‌رله‌مانی كوردستانمان هه‌یه‌، په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، پێویسته‌ له‌نێو په‌رله‌ماندا ده‌نگ به‌ كاندیده‌ كورده‌كان بدرێت، كامه‌ كاندید زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، با ببێته‌ تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق.

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند، هه‌موو كاتێك گه‌لی كورد رێزی له‌ بڕیاره‌كانی لایه‌نه‌ شیعه‌ و سوننه‌كانی له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیده‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گرتووه‌، بۆیه‌ كاتێك په‌رله‌مانی كوردستانیش تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق دیاریده‌كات، پێویسته‌ حزب و لایه‌نه‌  سیاسییه‌كانی عێراق رێز له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان بگرن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (8ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر)ـی 2022، دیداری “پرسی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان” كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌ره‌نسی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ زانكۆی سۆان له‌ شاری هه‌ولێر رێكخراوه، كاتژمیر 9:00ـی به‌یانی‌ به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردن لە دیداره‌كه‌دا  وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “بە درێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە کورد وەکو نەتەوە، لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان وەکو پێکهاتەی رەسەنی ئەم ناوچەیە، هەروەها لە خاکی کوردستان وەکو نیشتمان کراوە، ئەم زوڵمە نەک بە دەیان ساڵ، بەڵکو لە سەد ساڵی رابردوو تائێستا بەردەوامە، بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بکرێتەوە، زۆر جار خەریکی ئەوەن بیانوو بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە وەکو پێویست چارەسەر نەکرێت، کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ کێشەیەکی جیهانییە، پێویستە هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین پەنجە بخەینە سەر ئەو گرفتانە و هەڵانە دابنێین کە  لە مێژوودا دەرهەق بەم ناوچەیە و ئێمە کراوە، بۆ ئەوەی رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، لە ساڵانی رابردوو ئەو وڵاتانەی کە کێشەیان لەگەڵ کورد وەکو نەتەوە هەبووە نەیانهێشتووە کورد هەتا باسی کێشەکەی خۆشی بکات، هەر پێشنیارێکی خستبێتەڕوو بۆ چارەسەر، دواتر کورد تاوانبارکراوە بەوەی کە جوداخوازە یان کێشە و ئاژاوە دەنێتەوە، ئێمە وەکو هەر نەتەوەیەک هەقی ئەوەمان هەیە کە پێمانوایە چۆن سەقامگیری ناوچەکە دەستەبەر دەبێت و ئێمە چۆن دەتوانین فاکتەرێکی بنیادنەربین، هەروەها خۆمان هەقی ئەوەمان هەبێت باسی لە بیروبۆچوونەکانی خۆمان بکەین لە پلاتفۆڕمەکانی نێودەوڵەتی، ئەم ماوەی کە کورد رێگەی پێدراوە دەنگی خۆی بە جهیان بگەیەنێت، توانیویەتی لە زۆر بوارەوە ئەم تەفسیرە هەڵەی کە سەبارەت بە نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان کراوە بڕەوێنێتەوە، جیهان شایەدی ئەوەیە ئێمە دەتوانین فاکتەرێکی بنیادنەربین، هەر لە سەردەمی بارزانی نەمرەوە تاکو سەرۆک بارزانی هەمیشە داکۆکیان لەوەکردووەتەوە نابێت کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتەکان وا تەفسیر بکرێت کە ببێتە کێشەی نەتەوەکان، ئێمە هەمیشە رێزمان لە هەموو نەتەوەکان گرتووە و لەسەر ئەو پرەنسیپە بەردەوام دەبین، کێشەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەکان نییە کە لەگەڵی یەکتر دەژین، بەڵکو کێشە لەگەڵ هەندێک دەسەڵاتدار و حکومەت بووە، کە بەداخەوە لە جیاتی بیر حوکـرانییەکی یەکسان و دادپەروەرانە بکەنەوە بیریان لە چەوساندنەوەی نەتەوەیەکی ستەمدیدە کردووەتەوە، بەڵام ئێمە نەمانهێشتووە ئەوە ببێتە کێشەی نێوان نەتەوەکان، هەر کاتێکیش پێویست بووبێت هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک پێویستی بە کوردستان هەبووبێت، کوردستان دەرگای کردووەتەوە و لە باوەشی گرتوون”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: “دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ روویان کردە کوردستان، هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ کردنەوە، کە تاکو ئێستاش بە شانازییەوە دەڵێین کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لە دەستی تاوان و تیرۆر رادەکەن کوردستان بە شوێنێکی پارێزراو دەزانن رووی تێدەکەن، ئێمە منتەت بەسەر کەسەوە ناکەین، بەڵام ئەمە کولتوورێکە لەگەڵ ئێمەیە و ئەو پرەنسیپانەن کە بڕوامان پێیە”.

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی وتارەکەیدا، ئەوەی خستەڕوو: “چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەری کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، دەمەوێت باس لە نموونەی عێراق بکەم، ئەگەر سەیری رووداوەکان بکەین لە سەد ساڵی رابردوو دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاکو ئێستا ئایا عێراق وەکو پێویست سەقامیگیری بەخۆییەوە بینیووە؟ پێشکەوتووە؟ توانیویەتی بە یەکسانی خزمەتی هەموو خەڵک بکات؟، بێگومان نەخێر، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان ئەو هەموو نەهامەتییە لەم وڵاتە روویانداوە ئەوەیە کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە، رژێمە دیکتاتۆرەکان لەجیاتی ئەوەی رێز لە مافی گەلی کوردستان و عێراق بە گشتی بگرن، بیریان لە قڕکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە، ئەمەش وایکرد خەڵکی کوردستان پارێزگاری لەخۆی بکات، لە ئەنجامی شەڕێکی نەخوازراو نەک هەر کورد زەرەرمەند بوو، بەڵکو هەموو عێراق تووشی وێرانکاری و زەرەر و زیانی گەورەبوو، دواتر لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەداخەوە حکومەتی عێراق پەلاماری خەڵکی کوردستانیدا، دوای رێککەوتنی 11ی ئازار لە ساڵی 1974 کە شەڕێکی سەرتاسەری بوو، وایلیهات حکومەتی عێراق لە لێواری رووخاندا بوو، ئەمەش وایکرد تەنازول بۆ شای ئێران بکات و رێککەوتنی ئێران واژۆ بکات، زۆری نەخایاند بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە هەڵوەشێنێتەوە، پەلاماری ئێرانیدا و شەڕێکی هەشت ساڵەی وێرانکەری بەدوایدا هات، کە ئەمە ئابووری وڵاتی عێراقی تێکدا، دواتر بۆ پڕکردنەوە و هەڵسانەوەی عێراق بیریان لە داگیرکردنی کوەیت کردەوە، کە جەنگی کەنداوی لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە وێرانکاری هیچی دیکە نەمایەوە، ئەگەر کێشەی کورد لەو سەردەمە چارەسەر بکرابایە عێراق ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەردەهات؟، من پێم وایە ئەو ناسەقامگیریەی کە هەیە بیرێکی جددی لە چارەسەرکردنی خەڵکی کوردستان نەکراوەتەوە”.

مەسرور بارزانی، گوتی: “کورد وەکو نەتەوە رێزی لێنەگیراوە، بەڵام لە کوردستان رێز لە مافی مرۆڤ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان دەگیرێت، پێکەوەژیان بووتە پێناسەیەکی دیاری هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئێمە دەرفەتێکی وامان پێبدرابا کاربکەین، رێزمان لێبگیرابا، دان بە مافەکانمان دابنرابایە، بێگومان ئێمە دەمانتوانی پێشکەوتنی زۆر زیاتر نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش دەستەبەر بکەین، لە ساڵانی رابردوودا هەموومان بینیمان کورد توانای شەڕکردنی زۆرە و هەر کوردیش بوو بە خوێنی خۆی رێگە لە فراوانبوونی خەلافەتی داعش بگرێت و هێرشی داعش تێکبشکێنێت، لە سەرەتاوە پێشمەرگە رێگری لە داعش کرد، ئەوکاتە کە 12 فیرقەی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش بەداخەوە شکستیان هێنا”.

دڵخوازەكانتان