سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: به‌رده‌وام ده‌بین له کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه باڵاكانى ڕاپه‌ڕین
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە كه به‌رده‌وام ده‌بین له کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه باڵاكانى ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ئاشتییانه و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی.
په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له یادی ڕاپه‌ڕیندا
ئه‌مڕۆ به شكۆدارییه‌وه یادی سی و چوار ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینی ئاداری ١٩٩١ ده‌که‌ینه‌وه. به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان و ته‌واوى گه‌لی کوردستان، به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه ده‌که‌م.
ڕاپه‌ڕین، وێستگه‌یه‌کی مێژوویی و چاره‌نووسساز و ویستى پۆڵایینی كوردستانییان بوو له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆرى و سته‌مكاریدا. گه‌لى كوردستان به باوه‌ڕێکی پته‌و به دادپه‌روه‌ریی دۆزه‌که‌ی، یه‌كڕیز و یه‌کگرتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، شكۆ و دادپه‌روه‌ری، ڕاپهڕى و ده‌رگاى به ڕووی داهاتوویه‌کی نوێ‌دا كرده‌وه. به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور و درێژ و قوربانیدانی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه و گه‌لى كوردستان بوو به‌ره‌و چه‌سپاندنی مافه ڕه‌واکانی له عێراقی نوێ‌دا.
فیدراڵى و ده‌ستکه‌وته ده‌ستوورییه‌كان و ئاماده‌یى و كاریگه‌ریى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌ن. بۆیه، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت. دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارییه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له هه‌موومان ده‌خوازێت به گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له وانه‌كانى ڕابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی گه‌له‌كه‌مان بپارێزین.
له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بین له کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه باڵاكانى ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ئاشتییانه و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ى خواست و ئاواته‌کانی كوردستانییان بۆ داهاتوویه‌کی باشتر و پێشكه‌وتن به‌دیبهێنین، ده‌بێ بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه، به‌هێزکردنی کولتووری یه‌كترقبووڵکردن، چه‌سپاندنی دیموکراسی و کاری هاوبه‌ش به گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتمانی پته‌و بكه‌ین. هه‌مووان، نه‌وه‌ى دواى ڕاپه‌ڕین، نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووش ده‌بێ به پێ‌زانین و سوودوه‌رگرتن له ڕابردوو، به بڕوا و ئومێده‌وه به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن.
سڵاو له گیانى پاكى شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.
هه‌ر به‌رز و شكۆدار بێت یادى ڕاپه‌ڕین.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
5ی ئاداری 2025