بەڕێوەبەرایەتى گشتى كارەباى سلێمانى شێوازێكی نوێ بۆوه‌رگرتنی پاره‌ی كاره‌با په‌یره‌وئه‌كات

بەڕێوەبەرایەتى گشتى كارەباى سلێمانى رایگەیاند، تیمەکانیان پارەی کارەبا لەبەردەم ماڵاندا وەردەگرن و پێویست ناکات هاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ی ئەیلوولی 2022) لە ئاگادارییەکیدا بۆ هاوبەشانی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی دەڵێت “لەسەر بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا، بەهۆكاری كەمبوونەوەى (سیولەى پارە) بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنى خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو و كارەبا و رێگاوبان، كە بەوهۆیەوە زۆرێك لە پرۆژەكانی ئەو بوارانە پەكیان كەوتووە و ناتوانرێت تەواوبكرێن”.

ئاماژە بەوەشدراوە “تا ئەمڕۆ ئەو قەرزانەی كارەبا كە لای هاووڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێن تا لەداهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) وەردەگیرێت لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (عدادى كارەبا)”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، هاوکاری ئەو پرۆسەیە بن كە بە سوودی گشتی و كەسی هاوبەشانی کارەبا تەواو دەبێت، چونکە هاووڵاتیان بەشێك لە ئەركەكانیان كەمدەبێتەوە و پێوست ناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن، بەڵكو راستەوخۆ لەبەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجام دەدرێت و ئەم پرۆسەیەش بۆ چارەسەری كێشەی خزمەتگوزاریە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانیە.

ئەوە بڕیارە لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان کە هاوبەشی کارەبان و رۆژانە کارەبای نیشتمانی بەکاردەهێنن، بەڵام پارەی کارەبا نادەنە فەرمانگەکانی کارەبا و بڕێکی زۆر قەرزی کارەبا لای هاووڵاتیان کەڵەکە بووە.

دڵخوازەكانتان