ڕێبەر ئەحمەد پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی ئەمنیی و پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش کرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/12/2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی ئەمنیی و پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش کرا.

هەردوو وەزیری ناخۆی کوردستان و بەریتانیا، بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پابەندبوونی خۆیان بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی دووپات کردەوە و جەختیان لە پێویستی برەودان بە کارکردنی هاوبەش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.

دڵخوازەكانتان