سەرۆك بارزانی: پێویستە بارودۆخی كورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت

سەرۆك بارزانی و كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كۆ بوونەوە

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بارودۆخی سووریا و گۆڕانکاری و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و چەند بابەتێكی دیكەیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/12/2024 لە سەلاحەدین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کرد، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکان کرا، سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕاشیگەیاند کە بەردەوامن لە کۆبوونەوە و دیالۆگی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکان بۆ خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە و پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

بارودۆخی سوریا و گۆڕانکاری و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دروستبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکە بە گشتی تەوەری دیكەی ئەو دیدارە بوون، پەیوەست بەم پرسە سەرۆک بارزانی هیوای دەستەبەربوونی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی سووریا خواست، “هەروەها بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن پرسە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا بارودۆخی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت، لەسەر بنەمای خواستی خۆیان بۆ مافەکانیان لە داهاتووی سووریا.”

دڵخوازەكانتان