سەرۆک وەزیران و باڵیۆزی چێک، شایستە داراییەکانی هەرێم و سێ پرسی دیکەیان تاوتوێ کرد
چوارشەممە، 18-12-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یان شنایداۆف، باڵیۆزی نوێی کۆماری چێک لە عێراق کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کرا.
سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “پیرۆزبایی لە باڵیۆز کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست.”
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: باڵیۆزی چێک خواستی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان دووپات کردەوە.
چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.