کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد

سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە یان شنایدۆڤ باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک لە عێراق، کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا، کارل کورتانێک کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی چیک پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستان و سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامی باش لە دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان بێتە دی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرنجی خستە سەر پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی چیک لە عێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ  خواست و هەروەها باسی لە پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی چیک کرد و هیوای خواست ئەم پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم، سەرۆک بارزانی هیوای ئەوەی خواست گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئیجابی هەبێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی لایەنەکان.

بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە، بە تایبەت مافەکان و ڕۆڵی کورد لە سووریای داهاتوو تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

دڵخوازەكانتان