بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوە چوو

 سێشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کرد. 

دووپاتیشی کردەوە کە ئاڵای کوردستان، سیمبولی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و هێمای یەکگرتووییمانە. بۆیە پێویستە هەموو کوردستانییەک ئەم ئاڵایە بەرز ڕابگرێت.

سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ناوچەکەمان بە گۆڕانکاریی خێرادا تێدەپەڕێت و ڕووداوی هەستیار ڕوو دەدەن، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان، جیاوازییەکانیان بخەنە لایەک و لە پێناو پاراستنی نیشتمان، یەک هەڵوێست بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. هەروەها پێویستە حکوومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبین ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکان ببینەوە و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو هەموو فشار و ناخۆشیيانەی لە ماوەی ڕابردوو بەسەریاندا هاتووە، بەڵام خۆڕاگرانە وەستان، بە تایبەتی کە فشاری نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، وایکرد ڕووبەڕووی دۆخێکی ناهەموار ببنەوە بەڵام هەر خۆڕاگر بوون، بۆیە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم، هەروەها دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم کە هەمیشە ئامادە بوون بۆ بەرگریی لە خاک و وڵاتەکەمان، خۆیان بەخت بکەن و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدان.

دڵخوازەكانتان