ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا

ئەمڕۆ سێشه‌ممە، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جه‌نڕاڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، کرد.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، “لە کۆبوونەوه‌يەکدا که‌ به‌ڕێز وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوو، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنييان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جه‌ختيان له‌ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيدا، كرده‌وه‌”.

ئاماژە بەوەش کراوە، “سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى داكۆكى لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی پشتگیريی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ستایشی هەماهەنگيی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کرد، هه‌روه‌ها هاوکاريی بەردەوامى نێوان هەموو لایەنەکانى به‌ کلیلی بەهێزکردنی ئاسایش لە عێراق، له‌ قه‌ڵه‌مدا”.

لاى خۆیەوە، جەنڕاڵ لێيهى، بەپێی راگەیێندراوەکە، “ستايشى رۆڵى هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژە تیرۆردا کرد و پابەنديی هێزەکانی هاوپەیمانانى بۆ بەردەواميی پشتگیری له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیری و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داكۆكى له‌ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و راوێژکردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەکە و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

دڵخوازەكانتان