سه‌رۆكی حكوومه‌ت: ده‌ستكه‌وتەکانی‌ هه‌رێمی كوردستان لە قازانجی هه‌موو خه‌ڵكی عێراقدایە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جووتیاری بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە لە ناحیەی روڤیای سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك دان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: “ئه‌و جووتیاره‌ی په‌تاته‌ یان گه‌نم ده‌چێنێت پێویسته‌ له‌ به‌رهه‌می خۆی دڵنیا بێت كه‌ ساخ ده‌بێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌بوو كه‌ هیچ نیگه‌رانییه‌ك له‌ لای جووتیاران نه‌مێنێت بۆ ئەوەی گرنگی به‌ به‌رهه‌می خۆیان بده‌ن و جۆری به‌رهه‌مه‌كه‌ش گرنگی پێ بده‌ن”.

لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناردنی بودجه‌ی كوردستان، هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئابووری كوردستان، له‌وانه‌ش مووچه‌ی خه‌ڵك. حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت لە پێشخستنی باری ژیانی هه‌موو هاووڵاتییان له‌ هه‌موو ئاسته‌كان،چونکە له‌ كوردستان كه‌شێكی وا له‌ ئارادایه‌ بتوانین باری ئابووری به‌ره‌و پێش ببه‌ین، هیوادارم حكومه‌تی فیدراڵیش به‌ره‌و پیری داخوازی هه‌رێمی كوردستان بێت و بازاڕی عێراقیش به‌رووی به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی باشتربوونی ئابووری عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی”.

دڵخوازەكانتان