سەرۆک وەزیران و شای بەحرەین لەسەر کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن

سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سافرییە لە مەنامە، لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، کۆ بووەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە “شای بەحرەین، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی ئارامی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستانی بە ڕێبەرایەتیی ژیر و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ئامادەیی شانشینی بەحرەینی بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، دەربڕی.”

سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاریی بەحرەین نیشان دا.”

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت “هەردوولا هاوڕابوون و ڕێککەوتن لە سەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە-هەولێر لە ئایندەدا.”

دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی سووریا و ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە میر ناسر بن حەمەد ئال خەلیفە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی بەحرەین ئامادەی بوون.

دڵخوازەكانتان