کاتێک سیاسەت و کولتوور یەکدەگرن

محمد فائق
هەڵات لاز

  • نوێکردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردام و ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێی کرا، دەرخەری خاڵێکی زۆر ڕیشەیی بوو: مێژوو و کولتوور ڕەهەندێکی سیاسەتن، ئەمڕۆ سیاسەت تەنها لەڕێگەی دامەزراوە سیاسییەکانەوە ناکرێت؛ بەڵکوو سنووری ژوورە داخراوەکان دەبڕێت و لەنێو کولتوور، شوێنەوار و ئەدەبیشەوە سەردەردەهێنێت. پێدەچێت زۆرێکمان نەزانین کاتێدراڵی نۆتردام کەی و چۆن دروستکراوە بەڵام بەشێکی زۆرمان ناوی ئەم شوێنەمان بەسەر ڕۆمانە نەمرەکەی ڤیکتۆر هۆگۆوە دیتووە: قەمبوورەکەی نۆتردام، کەواتە سیاسەت چیتر تەنها هەڵگری هێز نییە بەڵکوو دیوێکی ئیستاتیکیشی هەیە.
  • دوای نوێکردنەوەی کاتێدراڵییەکە بۆ کردنەوەی لە ٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤، چەندین سەرۆک و سەرکردەی گەورەی جیهان و لەنێویشیاندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرابوون. ئەوەی بابەتییانە چاوێک بە بۆنەکە و لێکەوتەکانی دواتریدا بخشێنێت، پەی بەوە دەبات کە سیاسەت بە هەردوو دیوەکەیەوە تێیدا بەشداربووە: فەرمی و ئیستاتیکی.
    بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ڕەهەندێکەوە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی فیدڕاڵی بوو لە ئاستێکیشدا، داوەتکردنی دۆست و هاوڕێیەکی نزیک بوو لەلایەن سەرۆک ماکرۆنەوە. بە دیوە فەرمییەکەیدا گرنگیی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لای فەرەنسا دەردەخات و پانتاییە ئیستاتیکییەکەشی (کە هاوڕێیەتیش بەپێی فەیلەسوفە یۆنانییەکان بەشێکیەتی) دەرخەری ڕاددەی ئەو پەیوەندییە قووڵە دۆستانەیە بوو کە لەنێوان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ماکرۆندا هەیە. هەر بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە تویتەکەیدا لەسەر تۆڕی (X)، بە دیوی فەرمیدا وەک سەرۆکی فەرەنسا و بە دیوە ئیستاتیکییەکەیشیدا وەک هاوڕێیەک ناوی سەرۆک ماکرۆنی هێنا.
  • فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی گەورەیە، ئاخر پێگەی فەرەنسا لە سیاسەتی جیهانییدا ئێجگار بەهێز و یەکلاکەرەوەویە؛ بۆیە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ فەرەنسادا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بەتایبەت ئەگەر ئەو پەیوەندییە توانیبێتی ئاستی فەرمی و ئیستاتیکیی سیاسەت پێکەوە کۆبکاتەوە. ڕۆڵی ئەرێنی و ستایشئامێزی فەرەنسا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان بە چڕی لەدوای ڕیفراندۆمەوە دەرکەوت کە هەوڵێکی کاریگەر و بێوچانی دا بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ سیاسییەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان بوو. تێکڕای ئەو هەوڵانەی فەڕەنسایش دەگەڕانەوە بۆ پانتاییە ئیستاتیکی و هاوڕێیانەکەی سیاسەت کە لە نێوان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی فەرەنسادا هەبوو، ئاخر پانتاییە سیاسییەکە ڕێخۆشکەر نەبوو بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی فەرەنسا لەوکاتەدا.
  • نێچیرڤان بارزانی بەدرێژایی ئەزموونی سیاسیی خۆی، بەوە ناسراوە سیاسییەکی دۆست و دۆستێکی سیاسییە. لە تێکڕای دۆخە گرژ و ناهەموارەکاندا بە پاشخانە قووڵەکەی خۆی بارودۆخەکان هەڵدەسەنگێنێت و پاشان بەو ئاست و دیوەی سیاسەت کە دۆخەکە پێویستی پێیەتی، چارەسەر دەدۆزێتەوە. ئەو هەمیشە بە گوتەیەکی شیرین تاڵیی هەلومەرجی ناوخۆ دەڕەوێنێتەوە و بە جدیەتێکی سیاسییشەوە، ئاستە فەرمییەکەی سیاسەت شەنوکەو دەکات و دیسانەوەیش هەر ناهێڵێت چارەسەرەکە خاڵی بێت لە دیوە هاوڕێیانە و ئیستاتیکییەکە. بۆیە هەمووان بە کۆبوونەوە لەگەڵیدا هەست بە ئارامی دەکەن و ئەوکاتەیشی لە کۆبوونەوەکانیدا بە تەواوی خواستەکانیان ناگەن-ئاخر سیاسەت دانوستانە- خۆیان بە براوە و خاوەن دەستکەوت دەزانن! مۆدێلی سیاسەتی سەرۆکی هەرێم خوازراوترین و پراکتیکیترین مۆدێلە بۆ جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی؛ چونکە جدیەتی سیاسەت بە تەنیا بەرگەی ئەم هەموو گرژی و قەیرانە ناگرێت کە ڕووی لە جیهان، ناوچەکە و هەرێمی کوردستان (وەک لێکەوتەیەکی دوای هەڵبژاردن) کردووە.
دڵخوازەكانتان