سلێمانی لە پێشەنگای كتێب زیاتر لە سێ ملیۆن کتێب فرۆشراون
شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی کۆتاییهات و بە قسەی رێكخەری پێشانگاكە، زیاتر لە سێ ملیۆن کتێب فرۆشراون و بەراورد بە ساڵی رابردوو، فرۆش باشتر بووە.
حەسەن رەحیم رێكخەری پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرەڕای بێ موچەیی، خەڵكی بەپەرۆشن بۆ كتێب كڕین، هەرچەندە ئەم دۆخە كاریگەری هەبوو لەسەر پێشانگاكە، بەڵام سەرباری ئەوەش فرۆشمان لە پارساڵ باشتر بوو”.
“لە پێشانگای ئەمساڵدا زیاتر لە سێ ملیۆن كتێب فرۆشراون و رۆژانە لە نێوان 20 بۆ 35 هەزار سەردانیكەری هەبووە، بەكۆی گشتی نیو ملیۆن كەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە”، حە سەن رەحیم وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشانگاكە دوو هەزار ناونیشانی كتێبی تازەی لەخۆگرتبوو، بەشێكیش لە كتێبەكان بە تەواوی فرۆشراون و كۆپییان نەماوە.
شەشەمین پێشانگای نێودەوەڵەتی سلێمانی بۆ کتێب 11 رۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە 8.12.2024 کۆتاییهات، پێشانگاکە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس و بە چاودێریی وەزارەتی رۆشنبیری رێكخرابوو، 200 دەزگای چاپ و پەخش لە 12 وڵاتی جیهانەوە، بە 40 هەزار ناونیشانەوە لە پێشانگاكەدا بەشدار بوون.