سەرۆکی ئەمەریکا: هەوڵی پاراستنی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدەین

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەوڵی پاراستنی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدەین و چالاکییەکانمان لە سووریا دژی داعش بەردەوام دەبێت و پارێزگاری لە وڵاتانی دراوسێی سووریاش دەکەین.

بایدن لە کۆشکی سپی لە گوتارێکدا گوتی: لە کۆتاییدا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، ئەو ڕژێمەی سەدان هەزار سووری بێتاوانی ئەشکەنجەدا و کوشت، ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ خەڵکی سووریا، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕانی بوون، بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەیان. 

ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە کەمپی هۆل دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵاتنی چەکدارە گیراوەکانی داعش بکەن و بواری دووبارە سەر هەڵدانەوەی ڕێکخراوەکە نەدەن.

گوتیشی: ئێستا ساتە وەختێکی مەترسیدار و نادڵنیاییە، هەربۆیە ئامادەیی سەربازیمان لە سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پشتیوانیکردنی هاوبەشەکانمان دەمێنێتەوە، هەرچەندە داعش نەیتوانیوە بستێک خاکیش کۆنترۆڵ بکەن، چونکە دڵنیایی دەدەین کە چەکدارانی داعش ناتوانن ناوچەیەکی پارێزراو لە سووریا بنیاد بنێنەوە. 

ڕاشیگەیاند، جیا لە ناوخۆی سووریا، ئەمەریکا پشتیوانی لە دراوسێکانی سووریاش دەکات، لە نێویاندا ئوردن، لوبنان، عێراق و ئیسرائیل. هاوکاری زامنکردنی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین و هێزەکانمان لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەک دەپارێزین. 

گوتیشی: هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئۆستن تایس بۆ وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت.

ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئۆستن بینیت تایس لە دایکبووی 11ی ئابی 1981، کە پێشووتر ئەفسەری هێزەکانی دەریایی ئەمەریکا بووە، لە 14ی ئابی 2012 لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر دۆخی سووریا ڕفێندراوە و تاوەکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

دڵخوازەكانتان