شارستانیەت ناسوتێت
سالم جاسم
ئەوەی بە جەنگ بەدەست نەهات، دەکرێت ئاشتی بەدەستی بێنێت. ئەوەی سەنگەر لەیەکترگرتن لەنێوی برد، دەکرێت درێژکردنی دەستی تەبایی بۆ یەکدی، سەر لەنوێ دروستی بکاتەوە. گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەگەر لەسەر بنەمای ئەزموون وەرگرتن بێت، مومکینە ببێتە ڕێگە چارەیەکی دروست و ڕۆشنایییەکی سەرکەوتوو بۆ داهاتوو.
ڕەچاوکردنی بەها مرۆیییەکان و ڕێزگرتن لە کەلتوور، شوناس و شارستانیەتی گەلان لە یەکدی، بەرمەبنای هێنانە کایەوەی جیهانێکی سەقامگیرە. کاتێک داعش هەڕەشەبوو لەسەر مرۆڤایەتی، لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگەیەکی موسوڵمان ئامادەبوو بمرێت لەپێناو پاراستنی ئێزدییەکان، مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە. ئەمەش هۆکاری پاراستنی پێکەوەژیان، خاک و قەوارەی کوردستان بوو.
بەشداریی سەرۆک و سەرکردە جیهانییەکان لە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس، فاکتەرێکی بەهێزە بۆ تۆخکردنەوەی پێکەوەژیان و سەقامگیریی جیهان. لەنێویاندا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمێکی ئەزمووندار لە پێکەوەژیان و سەقامگیری، نمونەیەکی بەھێزی پێکەوەژیان لە رۆژھەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا درێژ دەکاتەوە.
سەرەنجام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم؛ جیاوازییەکانمان هۆکاری کێشە و ناکۆکییەکان نین، بەڵکو داننەنان بە یەکدی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانمان، بەرهەمهێنەری ناکۆکییەکانن. ئەگەر ویستێکی بەهێزی قبوڵکردنی جیاوازییەکان هەبێت و لەژێر سێبەری پێکەوەژیان هەمووان ڕێز لە شوناس و فەرهەنگی یەکدی بگرن. بە دڵنیایییەوە نە شارستانیەت دەسوتێت و نە کەلتوور دەمرێت.