داواکاری گشتیی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی قاچاغی دەروازەی باشماخ دەکات

داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوای بەدواداچوون لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکات دەربارەی پرۆسەی قاچاغ و کاری نایاسایی لە دەروازەی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سیدییەک هاوپێچی نووسراوەکە کراوە.

قاچاغ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نایاسایی لە دەروازەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان، کێشەیەکی هەڵواسراوە کە  بووەتە مایەی نیگەرانی بەرپرسانی باڵای عێراق و لە کۆبوونەوەکانیاندا چەند جارێک بەڕوونی ئەوەیان بە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان گوتووە. لە ماوەی ڕابردوو چەند جارێک شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە تایبەت سەردانی دەروازەی باشماخیان کردووە و پەڕاوی داتا و ئامارەکانیان هەڵداوەتەوە.

 داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە و داوای بەدواداچوون و زانیاریی لەسەر ئاڵوگۆڕی قاچاغ لە دەروازەی باشماخ کردووە، هەروەها سیدیەکی لەگەڵ نووسراوەکەدا هاوپێچ کردووە، کە لەلایەن عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێیان دراوە.

ڕێکەوتی 01-07-2024  لە بەغدا، کۆبوونەوەی هاوبەشی ژمارە 2ـی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی دەروازە سنوورییەکان کرا، لیژنەی حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان بوونەتە بەڵایەکی گەورە لەسەر عێراق و سەرچاوەی هاوردەکردنی کەرەستە و ماددەی خۆراکیی خراپن بەشێوەی قاچاخ.

دڵخوازەكانتان