سەرۆکی هەرێمی کوردستان : دکتۆر مستەفا زەڵمی ئەرکێکی قورسی لەسەر شان بوو “بەڵام یاسایەکی بەرهەمهێنا، کە هاوسەنگیێکی وردی لەنێوان پاراستنی بەها کولتووری و ئایینییەکان دەسەبەرکرد.”
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-12-2024) ئەو گوتانەی لە کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کرد، کە لەلایەن رێکخراوی رۆشنبیری مستەفا زەڵمی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر سازکراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی “د. مستەفا خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بوو بەوەی؛ ئایینی ئیسلام رێگر نییە لەبەردەم پێشکەوتندا، بەڵکو هێزێکی پاڵنەرە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوە، باوەڕی وابوو یاساکان جێگیر نین، بەڵکو ئامرازێکن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆیە دەبێت گەشەبکەن، تاوەکو لەگەڵ پێداویستی و گۆڕانکاریی گەلان دا بگونجێن.”
زانای ناوداری كورد و جیهانی ئیسلامی پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی بەرەبەیانیی 4-6-2016 لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە هەولێر كۆچی دوایی كرد.
مستەفا زەڵمی، خاوەنی چەندین فەتوای هاوچەرخی ئیسلامییە و بە یەكێك لە گەورە زانایانی ئایینی جیهانی ئیسلامی هەژمار دەكرێت، کە زیاتر لە 50 كتێبی لە بوارەكانی شەریعەت و یاسا دا هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا هەروەها باسی لەوە کرد، “یەکەم دیداری لەگەڵ مستەفا زەڵمی لە 12ـی تەممووزی ساڵی 2007 بووە، کە داوای لێ کردووە لە کوردستان بمێنێتەوە. دەڵێ “بوونی ئەو پێویست بوو بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای باری کەسی. ئەو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە گۆڕینی تێگەیشتنە هەڵەکان کرد سەبارەت بە کێشەکانی وەک؛ خەتەنەکردنی ئافرەتان، تەڵاق، کوشتنی ژنان و فرەژنی، ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆیەکی فیکری و فیقهیی بەرهەمداردا.”
نێچیرڤان بارزانی نایشارێتەوە کە “ئەرکی مستەفا زەڵمی قورس بوو،” بەڵام دەڵێ “یاسایەکی بەرهەمهێنا، کە هاوسەنگیێکی وردی لەنێوان پاراستنی بەها کولتووری و ئایینییەکان دەسەبەرکرد و دادپەروەری و یەکسانیی بۆ هەمووان پێکهێنا، ئەم یاسایە تەنیا دەقێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو رەنگدانەوەی فەلسەفەی دکتۆر زەڵمی بوو کە شکۆی مرۆڤی بەهێزکرد.”
مستەفا زەڵمی بناسە:
– مستەفا زەڵمی لەساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایكبووە.
– ساڵی 1946 لە كۆیە خوێندنی ئایینی تەواوكردووە.
– ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
– ساڵی 1969 ماستەری لە شەریعە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
– ساڵی 1971 ماستەری لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر وەرگرتووە.
– ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی قاهیرە.
– ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری وەرگرتووە لە زانكۆی ئەزهەر بە پلەی شەرەف.
– ساڵی 2005 دكتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە بە پلەی ئیمتیاز.
– لەبەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-6-2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.