مه‌سرور بارزانی: ئومێدەوارین بتوانین لە زووترین کاتدا حکومەتێکی نوێی بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنین

 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نۆ باڵەخانەی نوێی باخچە و قوتابخانەی حکوومی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر کردەوە کە یەکێکیان ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی بوو کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد.


سەرۆکی حکومەت دوای کردنەوەی ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، لە گوتەیەکدا ئاماژەی کرد بەوەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانەی تر، ئەم قوتابخانەیە دەکەینەوە وەک نموونەیەک بۆ کردنەوەی باڵەخانەی چەندین باخچە و قوتابخانەی نوێ کە لە سەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراون.


سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد کە لە کاتە ناخۆش و سەختەکاندا، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن بوەستێت و ئەرکی خۆیان بە دڵسۆزییەوە جێبەجێ کردووە و نەیانهێشتووە قوتابیان لە خوێندن بێبەش بن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە “دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ، ئومێدەوارین بتوانین لە زووترین کاتدا، حکومەتێکی نوێی بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنین تاکوو درێژە بە خزمەتگوزارییەکان و بەرنامەکانمان لە کەرتی پەرەوەردە بدەین”.

چوار هەزار و پێنجسەد قوتابی لە ژینگەی نوێی ئەو باڵەخانە نوێیانەى ئەمڕۆ کرانەوە سوودمەند دەبن کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

یەکەم : 3 باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای بنەسڵاوە- گەڕەکی ڕۆشنبیری- گەڕەکی زاگرۆس.

دووەم: 3 باڵەخانەی نوێ : قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە شاری پێشەنگ (هەولێر) و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە شاری ئازادی نوێ (هەولێر) و باخچەیەکی منداڵان لە شاری ئەتلەنتیک (هەولێر) لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان .

سێیەم : 2 دوو باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لە قەزای بەحرکە و هیوا ستی ( هەولێر).
چوارەم: 1 باڵەخانەی نوێی 9 پۆلی لە گوندی دوزتەپە لە ناحیەی شەمامک.

دڵخوازەكانتان