كورد تێبینی لەسەر هەمواری یاسای هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە

بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بکرێت و هەموارەکەش پەیوەستە بەو بڕگەیەی کە تێچووی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستنیشان دەکات، لایەنە کوردییەکان دوو دواکاریی دیکەیان هەیە دەیانەوێت لە هەموارەکەدا جێگیر بکرێن.
بەپێی پرۆژەی هەموارەکە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، بەشێوەیەکی سەرەتایی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە و سەرەتا 16 دۆلار وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دەستنیشان دەکرێت و بە سولفە دەدرێتە حکوومەتی هەرێم، دواتریش دامەزراوەیەکی بیانیی شارەزا، دوای دیراسە و بەدواداچوون پێشنیازی تێچووی گونجاو دەداتە حکوومەتی عێراق و ئەو پێشنیازە دەکرێتە بنەمای دەستنیشانکردنی تێچووەکە.


سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان ڕاگەیاند دوو تێبینییان لەسەر ئەو هەموارە هەیە، تێبینی یەکەم پەیوەندی بە دیاریکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت هەیە کە هەرێم ڕادەستی سۆمۆی بکات.

ئێستە هەرێم ناتوانێت ئەوە بکات، چوونکە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەوە توانای بەرهەمهێنان لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان کەمبووەتەوە و کاتی پێویستە تا ئاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت بە تێبینی دووەمیش، ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە کە زیاتر لە 20 مانگە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە و بەهۆیەوە زیانێکی گەورە بەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش کەوتووە.
بڕیارە کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست پێ بکات، بەپێی ئەو پلانە بێت کە بۆی دانراوە، پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ دەبێت هەمواری یاسای بودجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دەنگیشی لەسەر بدرێت.

دڵخوازەكانتان