وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی دەکات سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات “لە قۆناغی یەکەمدا، 16 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت خەرج دەکرێت.”
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: “بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و تاوەکوو ئێستەش نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە.”
وەکوو ئەوەی وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان باسی کرد: “لە ماوەی ڕابردوودا وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێکی نێو یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت.”
هەولێر و بەغدا، بە گوتەی د. کەمال محەممەد ساڵح “لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خالەی نێو یاسای بودجە و زیادکردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی 20.6 دۆلار ڕێککەوتوون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 16 دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.”
لەبارەی وردەکاریی قۆناغی دووەمیش، وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان گوتی: “لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوتووین، دوای هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بکات.”
ناوبراو بە دووری زانی لە پەرلەمانی عێراق ڕێگریی لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی خاڵی تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتیییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە وەکوو خۆی گوتی: “ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کراوە.”
وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی دەکات تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو (2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. ئەوەشی خستە ڕوو “نەوتەکە لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرێتەوە، چونکە عێراق دوو بۆرyی نەوتی ئوردن و سووریای هەیە، بەڵام کار ناکەن، ڕێککەوتن کراوە هەر لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەکردنەکە بکرێت