گرنگترین هەواڵەكانی ڕۆژ
كۆمەڵەی خانەنشینان ئاشکرای دەکات: “مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێت.”
ئیسماعیل موخڵیس، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی خانەنشینان راگەیاند: “دوێنێ بۆ پرسی ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون و مووچەیان هاوتا نەکراوە، سەردانی فەرمانگەی خانەنشینیمان کرد، بەڕێوەبەری خانەنشینان هەواڵێکی خۆشی پێ داین، کە بڕیار دەرچووە مووچەی هەموو ئەوانە هاوتا دەکرێت و جیاوازیی هاوتاکردنەکەشیان بۆ خەرج دەکرێت.”
ئاماژەی بەوەش دا: “لە مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت و ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێتەوە.”
دوای هاوتاکردن، كەمترین مووچەی خانەنشینان لەنێوان 420 بۆ 600 هەزار دینار دەبێت.
ئیسماعیل موخڵیس ئاشکراشی کرد: “ئەو خانەنشینانە ساڵانی 2010 و 2011 و پێشتر دەگرێتەوە، ئەوان لە مانگی یەک مووچەیان هاوتا دەکرێت و جیاوازیی مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیشیان بۆ خەرج دەکرێت، ژمارەشیان هەزاران خانەنشینە.”
لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 3ی تەمووزی 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی دا، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ.”
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران بە ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە: هێشتا مەترسیی فراوانبوونی شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەکەماندا مەترسییەکی بەهێزە.
فوئاد حوسێن، پەیوەست بە شەڕ و کێشمەکێشەکانی لوبنان و غەزە و شەڕی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، “بەردەوامیی شەڕ لەسەر عێراق مەترسییە، بەتایبەت هەڵکشانی ململانێ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر عێراق مەترسیدارە.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “شەڕ و هێرش و بەرپەرچدانەوە بە چەک و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە، عێراق دەخاتە جوگرافیای شەڕەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا هۆشداری دەدەین.”
حوسێن جەختی لەوەش کردووەتەوە دیدار و پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە ئاستە جیاجیاکاندا بەردەوامن، ئێرانییەکان بە ڕوونی بەڵێنیان داوە، بە هیچ جۆرێک هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە ناکەن و خاکی عێراق بەکار ناهێنن.