سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان : پرۆسەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتاش لە ھەولێر دەستپێدەکەین و رێکارەکان تەواو بوونە و حەفتەی داھاتوو گرێبەست لەگەڵ وەبەرھێنەر دەکەین بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لەبارەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھەژار و کەمدرامەتان لەئێستادا رێکارەکان تەواوبوون و گەیشتۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئێستا لە پارێزگای ھەولێر دەست بەجێبەجێکردنی کراوە و وەبەرھێنەر و قیست و نرخ و زەویش دیاریکراون، ھەفتەی داھاتووش بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ھەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرھێنەر دەکەین بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانیان بکەن”.

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: “جگە لەوەش ئاگاداری پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکانمان کردووە ئەوانیش پەلە بکەن لە دیاریکردنی زەوی و وەبەرھێنەر، بۆ ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکانیش دەست بە ھەنگاوی کرداری بکرێت و دەست بەجێبەجێکردنی پرۆسەکە بکرێت”.

شوکری باسی لەوەشکرد: “لە ھەولێر نرخێکی گونجاو دیاریکراوە و قیستەکانیش مانگانە دەبێت و درێژخایەنە کە ١٥ ساڵ دەخایەنێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دیاریکردنی نرخەکان لەچاو یەکەکانی نیشتەجێبوون زۆر باشە و گونجاوە”.

دڵخوازەكانتان