کوردستان بەرەو سبەینێیەکی گەشتر
سلێمانی پرێس
لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دیمەنێکی جیاواز بینرا، بەتەمەنەکان دەڵێن، دەزانین لەکوێ ھاتووین، بۆیە دەنگدان بۆ پارێزگارییە لە رابردووی ھەرێمەکەمان، گەنجەکانیش بەگوێرەی پسپۆڕیان کە ھەڵگری ماستەر و بەکالۆریۆسن دەڵێن، دەزانین بەرەو کوێ دەچین، بۆیە دەنگدان پارێزگارییە بۆ سبەینەیەکی گەشتر.
ھەڵبژاردن تەواوبوو، رای گشتی کوردستان بە گوێرەی بەشداریان لە دەنگدان، شەرعیەتیان بە دیموکراسی و دیاریکردنی نوێنەریان بۆ پەرلەمان و حوکمڕانی دا.
چیرۆکی زۆر لە رۆژی دەنگدان ھەبوو، بەگوێرەی لێدوانی دەنگدەران، پرۆسەکە بەتەنیا دەنگدان و ڕووداوێک نەبوو، بەڵکوو بابەتەکە قەوارەی ھەرێم و پارێزگاری بوو لەو مۆدێلە دیموکراسی و سەقامگیریەی کە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ، وێنەیەکی گەورەی بۆ گەشەکردنی دیموکراسی ھەیە، لە کاتێک ناوچەکە ئاڵۆزە و شەڕ ھەیە.
ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێبینی کرا، سێ ھێزی نێو کۆمەڵگەی بەیەکەوە گرێدا، ئەوانەی بۆ دیموکراسی دەجەنگن، لەگەڵ ئەوانەی لەژێر کاریگەری تەکنۆلۆژیا و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر لە جەنگدان بۆ پێشکەوتن.
دکتۆر سیروان عەبدولکەریم عەلی مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست، “لە رووی کەلتورییەوە، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و شارستانی تر. هەڵمەتی هەڵبژاردن کەم وێنەبوو، ڕێژەی بەرزی بەشداربوون، هێمنی و ئارامی پرۆسەکە، کەمی خروقات، سەرپەرشتی نیمچە دەرەکی و چاودێری نێودەوڵەتی، ڕۆڵی گرنگی حکوومەتی فیدراڵ پێکەوە دەبنە مایەی شانازی بۆ هەموولایەک … گرنگ هەنگاوەکانی داهاتووە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێ”.
لێرە خاڵێکی سەرەکی ھەیە، گەنجەکان کە لەژیر کاریگەری تەکنۆلۆژیا سەیری داھاتوویان دەکەن هەروەک ئەحمەد ھەژارعومەر کە ساڵێکە بەکەلۆریۆسی زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە، دەڵێت، “ئێمە نەوەی دیجیتاڵین، بەڵام هەر بە قەڵەم دەنگ دەدەین. گرنگ ئەوەیە کە دەنگمان هەیە.” ئەمە وانەیەکی گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرناگرێت، ئەمە خاڵی گونجانە کە دیموکراسیەت لە کوردستان دەبێتە بەرھەمێکی ژینگەی کوردستانی.
خاتوو هەڵات کە ماستەری هەیە لە بازرگانی تێبینی وردی ھەیە دەڵێت، ئێستا خەڵک لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە کڕین و فرۆشتن دەکەن، بەڵام هێشتا دێن بۆ بازاڕ بۆ ئەوەی یەکتر ببینن.” ئەمە نموونەیەکی زیندووە لەسەر چۆنیەتی تێکەڵبوونی نەریتی کۆن و تەکنەلۆژیای نوێ لە کوردستاندا.
لەم قۆناغەدا کە ھەرێم ھەڵبژاردنی سەرکەوتوانە ئەنجام دا، جیلی نوێ داوای دەرفەتی زیاتر دەکەن، بۆ ھاتنە پێشەوە، ئەوان دەڵێن، “ئێمە فێربووین کە دیموکراسی پرۆسەیەکە، نەک رووداوێک.ئێمە هەموومان دەزانین رێگاکە درێژە، بەڵام لانیکەم ئێستا دەزانین لە کوێوە دەست پێبکەین.”
لە ٣٠ ساڵی رابردوودا سێ هێز کاریگەری زۆری لەسەر جیهان کرد، گڵۆبالیزم، تەکنۆلۆژیا و ژینگە، هەرێمی کوردستان تاقیگەیەکی زیندووە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سێ هێزەدا کە چۆن خۆی گونجاندووە..
هەرێمی کوردستان لە بواری تەکنۆلۆژیا گرینگی زۆری داوە، بۆ ئەوەی ژێرخانی تەکنۆلۆژی بنیاتبنێ، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە سەرووی ٩٠% لە کوردستان دەستیان بە تەکنۆلۆژیا رادەگات، نەوەیەکی نوێیش دروستبووە کە تەکنۆلۆژیا وەک زمانی دایک بەکاردەهێنێ..
لە بواری گڵۆباڵیزم، هەرێمی کوردستان جاران دەگوترا پردی پیوەندییەکان لەگەڵ جیهان، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەی سەرووی ٥ هەزار کۆمپانیا لە هەرێم کاردەکەن، سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و وزەو پیشەسازی دەبوژێنەوە، لەگەل کۆمپانیای ناوخۆیی کە ھاتونەتە مەدیدانی کار، ھاوبەشی دەکەن لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان، ھەرێم دەیەوێ ببێتە ناوەندێک بۆ جیھان لە ڕووی بازرگانی و پەیوەندی دیپلۆماسی و سەقامگیری و مۆدێلێکی دیموکراسی بەھێز لە ناوچەکەدا، ئەمەش وانەیەکە کە ھاوڵاتیان ھەرێم دەڵێن، دەزانین لەکوێ ھاتووین و بۆ کوێ دەچین.
ھەرێم بە گوێرەی گرینگی جیھان بۆ گۆڕانکای ئاوھەوا و سیستمی دیموکراسی و تەکنۆلۆژیا ھەنگاو دەنێت،
خاتوو زەری بریفکانی کە قووتابی ماستەرە لە سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان دەلێت لە ھەرێم کاردەکرێت کە کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر زیاتر بکرێت، پۆند و بەنداوی ئاو زیاتر ھەبن، شارەکان زیاتر بە چاندنی درەخت ژینگە پاکبکەنەوە، وەک بیردۆزێک ھەیە بۆ پێشکەوتن کە دەڵێت، (بەهرەی گەنجان × تەکنەلۆژیای نوێ) + (چاکسازی × هاوبەشی نێودەوڵەتی) = گۆڕانکاری بەردەوام.
رەنگە ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری بێت: کوردستان چیتر خۆی وەک “پرد” نابینێت، بەڵکو وەک “ناوەند”، ناوەندێک کە تێیدا نەریتە کۆنەکان و داهێنانە نوێیەکان، بەها لۆکاڵییەکان و ستانداردە جیهانییەکان، خەونە تاکەکەسییەکان و ئامانجە گشتییەکان یەکدەگرن بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ. ھەرێم بەرەو ھەنگاوێکە کە قەڵەمەکەی لە دەستی خۆیەتی بۆ نووسینەوەی مێژوو و چیرۆکی سەرکەوتنی زیاتر لە ناوچەکە.