بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ڕێگەی ئاڤاوە پەیامێک ئاراستەی ئەفسەر و کارمەندانی دەکات، ئاماژە بەوەدەکات کە ڕۆڵییان لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووە.
ڕۆژی 18 و 20-10-2024 دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، دوو ملیۆن و87 هەزار و972 کەس بەشدارییان کردووە، بەگشتی ڕێژەی بەشداریکردن 72% بووە.
لیوا تارق ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم ڕاگەیاند: وەزارەتی ناخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی لێژنەی ئەمنی کۆمیسیۆن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان و گشت ئەفسەر و کارمەندە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە ڕۆڵێکی باڵایان ھەبوو لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پاراستنی ئەمنیەتی هاوڵاتییان و بنکەکانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەتی و گشتیدا.