بەمزووانە دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات

ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر كراوە و بەزووترین پرۆسەكە لەو شارەوانییانەی كە كارە هونەری و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 07-10-2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئێستا لێژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتەکە ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكوو ئێوارە، بە چڕی كار لەسەر فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەن و هەنگاوەكانی پرۆسەكەش زۆر بە باشی چووەتە پێش و بەزووترین كات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات.

هەر ئەمڕۆ، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ تیمی وەزارەت بۆ دابەشكردنی زەوی كۆ بووەوە و داوای لێ كردن بە زووترین كات سەرجەم كارەكان تەواو بكەن، پرۆسەكە لە كەمترین كاتدا دەست پێ دەكات.

وەزارەتی شارەوانی باسی لەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە كردەیی دەچێتە بواری جێبەجێكردن و زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو شارەوانییانەی كە هەموو ڕێكارەكانیان تەواو كردووە بە زووترین كات پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لەو شارەوانییانە دەست پێ دەكات و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە، زەویان بەسەردا دابەش دەكرێت

دڵخوازەكانتان