” گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی بەرەو چارەسەر دەچێت”

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، زۆر گرنگ بوو ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان درێژ نەکرێتەوە و ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، “بەڵام بەداخەوە نەکرا.” گوتیشی، “گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بەرەو چارەسەر دەچێت.”

جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە 01-10-2022 ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت، “ئەمە لەبەرئەوە نییە کە کاری بۆ نەکراوە، سەرۆکایەتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خەمخۆرییەکی زۆرەوە هەوڵیان دا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، کاتی خۆیشی کە 01-10-2022 بۆ هەڵبژاردن دیاریکرا، بۆ ئەوە بوو کە کۆمیسیۆن نەکەوێتە گرفتێکەوە کە ببێتە رێگر لەبەردەم هەڵبژاردن.”

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆر گرنگ بوو ئەم خولە درێژ نەکرێتەوە و ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە نەکرا. ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ماوەیەک درێژ بکاتەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمیسیۆن پێکەوە بکرێن و لەسەری رێکبکەون، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە، گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بەرەو چارەسەر دەچێت.”

دڵخوازەكانتان