جووتیارعادل: لە کابینەی نۆدا وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8 بووە بە سەدا 8


سەرۆکی فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە کابینەی نۆدا، کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8 بوو بە 8% ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە لە جەرگەی قەیرانەکان کە حکوومەتی هەرێم توانیویەتی پەرەی پێ بدات”.

شەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2024، جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت خۆی توانایەکی بەهێزی هەیە، بیروڕای خۆی هەیە زانیاریشی لەسەر هەموو بابەتێک هەبوو، جا ئەو بیرۆکە و پێشنیارانەی کە هەیبوو بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی کە هەبوون جێگەی خۆی گرت لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم توانیویەتی قەیرانەکان تێپەڕێنێت، ئیدارەدان و چارەکردنی قەیرانەکانی ئەم هەرێمە، کارێکی ئاسان نییە”.

سەرۆکی فەرمانگە دەڵێت: “یەکێک لەو کارانەی کە دەستێکی باڵای هەبووە فرەچەشن کردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا بەغدا بودجەی نەدەنارد و هەناردەکردنی نەوتی ڕاگرت، بیر لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی کرایەوە، بەپێی داتاکان وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8 بوو بە 8% ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە بەتایبەت لە کشتوکاڵ، لە جەرگەی قەیرانەکان بەتایبەت کۆرۆنا حکوومەتی هەرێم توانیویەتی بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە”.

دەشڵێت: “توانراوە کۆمەڵێک وەبەرهێنەریش بهێنرێتە کوردستان، بۆ نموونە 16.6 ملیار دۆلار سەرمایەی وەبەرهێنانە لەم کابینەی نۆیەدا، هەروەها نزیکەی 994 کارگە کراوەتەوە لەگەڵ دەیان پرۆژەش کراوە”.

باسی لەوەش کرد: “بە بڕوای من، چونکە مەسرور بارزانی، ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە و هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەوە ڕۆڵی گەورەی هەبووە، ئەوەش لەو پاشخان و شارەزاییەی کە هەیەتی”.

ئاماژەی بەوەش دا: “وەزارەت هەبووە بەر لە هەفتەیەک ئامادەکاری دەکرد، پرسیارم لێ کردووە دەربارەی ئەو کارە، لە وەڵامدا گوتوویەتی مەسرور بازرانی جەخت لە وردەکارییەکان دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەم بابەتانە بەشێکی پەیوەستە بە کەسایەتی مەسرور بارزانی خۆیەوە و بەشێکی دیکەشی پەیوەستە بەو ئیدارەیەی کە دەیکات، لە کابینەکەیدا”.

جووتیار عادل ڕاشیگەیاند، “چاکسازی خۆی بڕگەیەکە لە تەواوی چاکسازییەکان لە کۆبوونەوەکانیش سەرۆک وەزیران باسی کردووە، ئەو ژینگەیەی کە گەندەڵی تێدا دەکرێت هانی داوین کۆنترۆڵی بکەین و چاکی بکەین، واتە زەمینە خۆشبکەین بۆ چاکسازی نەک بۆ کاری گەندەڵی، ئەوەش خەونی سەرەکی بابەتی چاکسازییە”.

دڵخوازەكانتان