هەنگاوەکانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن و ‘کورد بەشداریی دەکات’
لە سبەینێوە هەنگاوەکانی سەرژمێری لە هەریمی کوردستان دەستپێدەکەن. سەرچاوەیەکی باڵا لە لیژنەی هەڵبژاردن دەڵێت: “زۆرینەی خاڵەکانی گفتوگۆ چارەسەرکراون و کورد بەشداریی دەکات.” ئێستا گفتوگۆکان لەسەر یەک خاڵ چڕبوونەتەوە.
هەنگاوەکانی سەرژمێری سەرەتا بە ژمارە لێدان و گەمارۆسازی دەستپێدەکات، دوای 50 رۆژی دیکەیش پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت. لە دوو رۆژی یەکەمدا ژمارەی دانیشتووان رادەگەیێندرێت و کۆی پرۆسەکەش 20 رۆژ دەخایێنێت.
بڕیارە ژمارە لێدان و گەمارۆسازی لە هەرێمی کوردستان دوو مانگ بخایێنێت. تاوەکو ئێستا 20 هەزار کەس راهێندراون، کارەکان لە چوار پارێزگا، 42 قەزا، 154 ناحیە و 2163 گەڕەک و 5533 گوند ئەنجام دەدرێن، گشت کۆڵان و شەقامەکان دەگرێتەوە و ژمارەیان لێدەدرێت.
نزیکەی 11 ملیۆن و 917 هەزار باڵەخانە، شوێنکار، خانوو و شوقە هەن کە ژمارەیان لێدەدرێت. بەگوێرەی سیستمی ستانداردی جیهانی، هەموو ئەو شوینانە کۆد وەردەگرن، پاش ژمارە لێدان کاری گەمارۆسازی دەستپێدەکات کە پێناسەی باڵەخانەکان و وەرگرتنی زانیاریی سەرەتاییە لەسەر خێزانەکان وەکو ناوی سەرۆک خێزان و ژمارەی خێزان. بەگوێرەی ژمارەی سەرەتایی، یەک ملیۆن و 400 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان هەن.
هەموو ئەوانە بۆ رۆژی سەرژمێرییە کە لە 20/11 دەستپێدەکات و ماوەی 20 رۆژ دەخایێنێت. رۆژانی یەک و دووی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی عێراق رادەگەیێندرێت، بەدرێژایی 18 رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیە ئەو 70 پرسیارە دەکرێت کە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەن.
لە عێراق، لە 1ـی ئەیلوولەوە ژمارەلێدان و گەمارۆسازی دەستپێکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سبەی دەستپێدەکات، هەندێک گرفت هەبوون جێگەی گفتوگۆ بوون. سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای سەرژمێری بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، زۆرینەی ئەو داوایانەی کورد جێبەجێ بوون، تەنیا یەک داواکاریی ماوە.
بڕیارە لیژنەی باڵای سەرژمێری رۆژی 1/10 بچنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی تایبەتمەند کۆدەبنەوە. میکانیزمی جێبەجێکردنی سەرژمێریییەکە یەک لەو خاڵانە بووە کە جێگەی مشتومڕ بووە، هەروەها گوتراوە نابێت سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربێت.
خاڵێکی دیکە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، نیشتەجێبوونی ئەو خێزانانەن لەدوای ساڵی 2014 چوونەتە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی 16 کەسی پێکهاتووە کە 8 لەوانە وەزیرن و چوار وەزارەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە.
ئەو سەرچاوانەی بۆ سەرژمێرییەکە سوودیان لێوەردەگیرێت بریتین لە؛ لیستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، فۆرمی خۆراک، کارتی نیشتمانی و بناخەی سەرژمێریی 1957.
بەگوێرەی رێککەوتنی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک، لە هەموو شوێنەکان بژمێر واتە ئەوانەی سەرژمێرییەکان ئەنجام دەدەن سێ ئەندامن: کورد، عەرەب و تورکمان. هەرسێکیان پێکەوە تەماشای نووسینەکان دەکەن، یەک تابلێت پێکەوە دەنووسن، بەڵام داوایەکی کورد کە تاوەکو ئێستاش گفتوگۆی لەسەرە، زیادکردنی فۆرمی کاخەزییە، واتە هاوشانی تابلێتەکە، لەسەر کاخەز بە دوو کۆپیی تۆمار بکرێت کە کۆپییەکی بۆ هەولێر و ئەوی دیکەیان بۆ بەغدا بێت.
ئەو سەرژمێرییە بۆ کۆمەڵێک مەبەست سوودی لێوەردەگیرێت، وەکو ژمارەی دانیشتووان، دیاریکردنی بودجەی پارێزگاکان و دیارکردنی کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران.