زۆرانبازیی نێوان ڕووناكی و تاریكی

زكری مووسا

لە بابەتی ڕیفراندۆمدا ململانێیەكی زۆر ڕوون هەیە لەنێوان ستەمكار و ستەملێكراو، لەنێوان دادپەروەری و نادادپەروەری و شەڕ و ئاشتیدا. ڕووبەڕووبوونەوە هەیە لەنێوان ئازادیخوازی و كۆیلایەتی، لەنێوان خێر و شەڕ و ڕووناكی و تاریكیدا. ئەگەر شەڕانگێزی چەندە بەهێز و خەستیش بێت بەڵام سەرئەنجام ئەمە هێزی خێرە كە دەیباتەوە.

بە داخەوە بەشێكی نەیارانی ناوخۆیی ڕیفراندۆم دەیانەوێ قەناعەت بەمە بكەین كە مادام دوژمن ڕیفراندۆمی پێ ناخۆش بوو و داگیركار تەئییدی نەدەكرد بۆیە ڕیفراندۆم شتێكی باش نەبوو. مادام دوژمنانی كوردستان زاڵم و پڕچەك و تووڕەن بۆیە نابێ دەنگ هەڵبڕین. باشە ئەمە چ مەنتقێكە؟ بەم لۆژیكە بێت نابێ كورد هیچ بكات. نابێ دامەزراوە و هەرێم و زانكۆ و ئابووری و پێشمەرگەشی هەبێ. بۆ؟ چونكە داگیركارانی كوردستان حەزیان لێ نیە و بە پێشكەوتن و بووژانەوە و سەقامگیریی كوردستان قەڵسن. لە ڕاستیدا لە هەناوی ئەم لۆژیكەدا خۆبەدەستەوەدانێكی ئەبەدی هەیە.

ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژیین كە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورددا دواجار دەمارگیری و شۆڤیینییەت بڕیاردەرە. ئەمەیان واقعێكی تاڵ و دژوارە بەڵام ئایا لەبەرانبەر ئەم واقعە ستەمكارەدا دەستبەرداری ئازادیخوازی بین و مافە ڕەواكانمان لە بیر بكەین؟

ڕیفراندۆم كردەوەیەكی ئاشتیانە و سەردەمیانەی گەلی كوردستان بوو، كاردانەوەكانی بەرانبەر ڕیفراندۆم شەڕانگێزانە و كۆنەپەرستانە بوون. بەڵام كامیان بەهای باڵان و لەسەر حەقن؟

ڕیفراندۆم پەیامی ئاشتی و چاكەخوازی و چارەسەری حەقیقی كێشەكان بوو. ئەگەر ناوچەكە و زلهێزەكان مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵیدا كردبا ئێستا زۆر لە گرفتەكانی عێراق چارەسەر دەبوون.

ساڵیادی ڕیفراندۆم لە هەموو ئازادیخوازێكی كوردستان پیرۆز بێت 

دڵخوازەكانتان