سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێ دا


سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەیەکی کۆیە لێ دا و لە ڕێوڕەسمەکەدا دوو “موژدە”ـی بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕاگەیاند. هاوکات باسی لە ساڵیادی ڕیفراندۆم و دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنیشی کرد.

کاتژمێر 08:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانەی “نەجیبەخانی جەلی زادە”ـی کۆیە؛ لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دەڤەرەکە؛ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025ـی لێ دا.

سەرۆک وەزیران لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا، دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە هەموو قوتابی و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پیرۆز کرد و باسی لەوە کرد، مامۆستایان “هەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەمان بوون بەوەی کە نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکەن”.

سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، “ساڵی ئارامی و سەرکەوتن و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابییان و لە ئێستەوە ئارەزووی سەرکەوتن بۆ هەموو قوتابییانی خۆشەویست لەم قوتابخانەیە و لە سەرتاسەری کوردستان دەکەم”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو، “من دەبێ ئەو قسەیەش بكەم لە هاتنە ژوورەوەم قوتابییەكی زۆر خۆشەویست پێشوازیی لێكردم و زۆر سەرسام بووم بە توانای لە قسەكردن و بیركردنەوە، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم كە توانیویانە و قوتابیی وا پەروەردە بكەن”.

“کۆیە خەڵکی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵکەوتووە”

سەرۆک وەزیران لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە مێژووی قوتابخانەی “نەجیبەخانی جەلی زادە” کرد و گوتی، “نەجیبەخان پێش 100 ساڵ وەکوو یەکەمین کچ بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو نێردرا کە لەو سەردەمە بابەتی جیاوازیی ڕەگەزیی نەک تەنها لە کوردستان، لەسەر ئاستی دونیا شتێکی زۆر دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبەخان بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو، سەردەمێکی نوێ دەستی پێ کرد”.

بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “کۆیە هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی زانست و مەعریفە و شیعر و پێگەیشتن وشوێنی پێشکەوتن بووە و خەڵکی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵکەوتووە”.

سەرۆک وەزیران دوو موژدەی بۆ خەڵکی کۆیە ڕاگەیاند

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا “دوو موژدە”ـی بۆ خەڵکی کۆیە و دەوروبەری ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی جووتسایدی هەولێر – کۆیە دەکەین کە خواستێکی دێرینی خەڵکی کۆیە و هەولێر بووە”.

سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، “دەزانم لە ساڵی 2012ـەوە هەوڵ دراوە و بەردی بناغە بۆ ئەم ڕێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێ بەجێ نەکراوە. هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئینشائەڵلا، بڕیاری ئەوەمان داوە دەست بە ئەنجامدان و تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە بکەین”.

مەسرور بارزانی موژدەیەکی دیکەی بۆ خەڵکی کۆیە ڕاگەیاند و ئەوەی خستە ڕوو، “بڕیارمان داوە بە قەزاکردنی ناحیەی تەقتەق وەکوو یەکێک لە کۆنترین ناحیەکانی کوردستان کە ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە و بارگرانی ئیداری لەسەر شاری کۆیە کەم دەبێت و تایبەتمەندییەکی زیاتریش بە تەقتەق دەدرێت؛ هیوادارم دیسان ئەمە بکەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی کۆیە و تەقتەق”.

حەوتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، حەوتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە. سەرۆک وەزیران لەوبارەوە گوتی، “ئەمڕۆ ڕۆژی پیرۆزی ڕیفراندۆمیشە هەر بەو بۆنەیەوە دەستخۆشی ئەم ڕۆژە پیرۆز و مێژووییە لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم”.

دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕۆژی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە “ڕۆژێکی مێژوویی بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان” ناوبرد و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، “بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە دەست پێ بکەن و هەموو لایەک ڕەچاوی ئەوە بکەن کە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەکەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تربێت”.

سەرۆکی حکوومەت پێی وایە، دەبێت “سەرکەوتنی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی نوێنەران، بۆ ئەوە بن کە زیاتر خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن و هەموو مافەکانی خەڵکی خۆمان ئینشائەڵلا دەستەبەر بکەن”.

دڵخوازەكانتان