بەردی بناغەی گەورەترین پۆندی هەرێمی کوردستان دانرا
بەردی بناغەی گهورهترین پۆند لە سەر ئاستى ههرێمی كوردستان دانرا و پارێزگەی هەولێر ڕایگەیاند نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنى پۆندى بنەسڵاوەی دانا، کە گهورهترین پۆندە له سەر ئاستى ههرێمی كوردستاندا.
پارێزگەی هەولێر بڵاویکردەوە کە پۆندەکە بە گوژمەی 3 ملیار و 856 ملیۆن و 175 هەزار دینار لە سەر بوجەی وەبەرهێنانی بەڕێوەبەرایەتى ئاودێری هەولێر، دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختی لە تەواوکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە، کە بۆ شارى هەولێر پڕۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژییە.
ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەى گرنگیدانى حکومەت بە کشتوکاڵ و ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی دروستبوونى لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژە جێبەجێکراوە، کەبەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیشیان لەژێر جێبەجێکردندان، لە نێویاندا دروستکردنى “پۆندی بنەسڵاوە”یە کە گەورەترین پۆندە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
ئومێد خۆشناو ڕوونیشیکردەوە درێژی پۆندەکە 360 مەترە و بەرزیەکەى 17 مەترە و توانای کۆکردنەوەی 3 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی باران و کانیاوەکانی ھەیە و بەتەواوبوونیشى ڕۆڵی زۆری دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و دروستکردنی زهوی بهرئاو، جگە لەوەی ناوچهكەش لە مەترسی دروستبوونی لافاو دەپارێزێت، ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیارى و کەرتی گەشتیاریی لە دەڤەرەکە دەبووژێنێتەوە.