مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنێت.

پرۆژەکە بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەکە بریتییە لە دوو وێستگەی پاڵاوتنی ئاو بە توانای 20 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا بەپێی ستاندرادی عێراقی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی.

لەبارەی چۆنییەتی کارپێکردنی پرۆژەکە، ناوبراو ئاشکرای کرد “پرۆژەکە پێکهاتووە لە یەکەی وەرگرتنی ئاو لەسەر زێی گەورە لە نزیک گوندی کەورگۆسک، بەڵام وێستگەی پاڵاوتنەکە دەکەوێتە نزیک گوندی گاینج، هاوکات وێستگەیەکی دابەشکرنی ئاو لە نزیک گوندی سێبیران دروست دەکرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی: 10 کۆگای ئاو لە چوارچێوەی پرۆژەکە دادەنرێن کە توانای کۆگاکردنی 200 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە، هەر لەو پرۆژەیەدا 200 کیلۆمەتر بۆری ئاسنی سپایرۆڵ ستیل بە تیرەکانی 1600 ملیم، 1500 ملیم، 1200 ملیم، 800 ملیم، 700 ملیم و تاوەکوو 300 ملیمەتر بەکار دێت.

وەکو ئەوەی ئاری ئەحمەد باسی کرد، 280 کیلۆمەتر بۆری ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لە چوارچێوەی پرۆژەکە دابین دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کارەبای نیشتمانی و کارەبای یەدەگ لە ڕێگەی موەلیدەوە بۆ پرۆژەکە دابین دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە “پرۆژەکە دوو وێستگە لە نێو یەک چوارچێوەدایە و بە هەردوو وێستگەکە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێون، لەکاتێک هەر کێشەیەک بۆ وێستگەیەک دروست بێت، وێستگەکەی دیکە کار دەکات و بێئاوی هەرگیز دروست نابێت.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، پرۆژەکە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و گەڕەکاکانی دورووبەریان، لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران.

دڵخوازەكانتان