حکوومەت پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی پێکەوەژیانی نێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکان
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان” لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بەخێرهاتنی هەموو میوانانی سیمپۆزیۆمەکە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و “پایتەختی پێکەوەژیانیی ئایین و کەلتوورە جیاوازەکان” کرد.سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست، ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەکانی لە میانی سیمپۆزیۆمەکەدا پێشکەش دەکرێن “ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان”.بە گوتەی مەسرور بارزانی “کوردستان بە درێژایەتیی مێژوو وەکو بێشکەی مرۆڤایەتی هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە. چەندین شارستانییەتی جیاواز، وەکو شارستانییەتی سۆمەری، ئەکەدی، دانی، ئاشووری و سریانی و چەندانی دیکە لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە”.لە دەڤەری بارزان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ دا “لە یەک کاتدا، مزگەوت، کەنیسە و کنێشت جێگایان بووەتەوە. باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و کولتوورە جیاوازانە پێکەوە ژیاون و جیاوازەکانی یەکتریان قبووڵ کردووە”.بە گوتەی بارزانی “کاتێک پەلاماری هەرێمی کوردستان دراوە، جیاوازی لەنێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکاندا نەکراوە و هەمووان بە یەک چاو سەیر کراون کە ناحەزان و دوژمنان وەکو یەک سەیری ئێمە دەکەن. دەبێت ئێمەش یەک دەست و وەکو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدا و ناخۆشییەکان ببینەوە”.سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد “لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئەمڕۆ، پێکهاتەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە”.حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە “پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی پێکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان. مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کەلتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی توندڕەوی و جیاکاریش دەبینەوە”. سەرۆکوەزیران گوتیشی: لەم دواییانەش کە هەوڵ درا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.