پرسی ئازادی و ویستی مرۆڤ
ئازادی پرسگه‌لێكی قوڵی فره ڕه‌هه‌نده پەیوەستە بە كرۆكی مرۆڤایەتییەوە، ئەم پرسە هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئهشكالات و ده‌یان چەمكی ناتەباییە. ناساندنی ڕه‌های ئازادی له هه‌ر هزرێكهوه بێت ئه‌وه له پێویستییه خودییهكانییهوه قاڵبی ئازادی داده‌ڕێژیت و ناو ئاخنی ویسته كەسییەكانی ده‌بێت. دەكرێت ناساندنەكان بۆ ئازادی له باری جێگیریدا قایلكەر بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری هۆشدا پێناسه‌كه حوكمی لۆژیكی نامێنێت، باوترین ناساندن بۆ ئازادی بوونی مافی تاكه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و پیاده‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه كه‌سیه‌كان به بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌رەكی، یان ئه‌و چهمكانەی ڕه‌گیان له پره‌نسیپه لیبراڵه دیمۆكراسهكاندایه، پێی ده‌وترێت ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان، وه‌ك ئازادی قسه‌كردن و ئازادی ئاین و ئازادی ئابوری و هتد…
له بنه‌ڕه‌تدا تاك لە هەر ژینگەیەكدا بێت بە چوار فاكتەری سیاسه‌ت و ئاین و ئابوری و كه‌لتوور لە قاڵب دراوە و هەریەك لەو فاكتەرانە دەبن بە داینەمیكی ئاڕاسته‌كردنی تاك، له دیدی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (تۆماس هۆبز)وه “مرۆڤ برای گورگی مرۆڤه و سروشتی شهرهنگێزیخوازانهی هه‌یه” دیدگاكه‌ی هۆبز به‌هه‌ند وه‌ربگرین پاڵنه‌ری شەڕەنگێزی مرۆڤ له پێناو ویستی به‌ده‌ستهێنانی چیژدایه یاخو دابینكردنی پێویستی مانه‌وه‌ی خود دایە، فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسایی ژان جاك ڕۆسۆ به پێچه‌وانه‌ی هۆبزەوه پێی وایه” كرۆكی مرۆڤ به سروشتی خۆی ئاشتی خوازە” به دیدی ڕۆسۆ مرۆڤه‌كان بوونەوەری كۆمەڵایەتین، پاڵنەری پێكه‌وه هه‌ڵكردن و به‌رقه‌راكردنی ئاشتی له ویستی مرۆڤ به ئاسایشی مانهوهوەیە. ویسته نا ئاگاییه‌كانی تاك دهركەوتهی ماهێتی خودی مرۆڤ دیاری ده‌كه‌ن، كه‌وایه ده‌كرێت ئەوە یەكلابكرێتەوە مرۆڤ ئاشتی خوازبێت یان شەرخواز لە پێناوی پڕكردنەوەی ویستە هەبووەیەكانی خۆیدا تێدەكۆشێت. ویستە كەیسیەكانیش وابەستەی پێویستییە هەبووییەكانە.
پرسی ئازادی هیچ كات لە سێبەری ویستی مرۆڤ تێنەپەڕیووە. به ئه‌گه‌ره‌وه پاش چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی تر له‌گه‌ڵ فراوان بوونی هۆشیاری مرۆڤدا پرسی ئازادی به‌سنور و بوونییه‌وه گۆڕانی به‌سه‌دا دێت، بەقەد پانتایی سنورەكانی ویستی مرۆڤ. نەك ئازادی ڕەها لە دایك ببێت، به‌ڵام ده‌كرێت بوترێت مرۆڤ به‌شیوه‌یه‌كی ڕێژه‌ی ئازاده له نیوان ڕایهڵهكاندا هه‌ڵبژرێت بەكارییگەری ژینگەكەی، چونكە چۆنیه‌تی هزری مرۆڤ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژینگهكهیهتی و چیه‌تی بیر دەرهاویشتهی بیردانهوهی ڕایهڵهكانیهتی.
به تێڕوانینی جۆن لۆكی بیرمه‌ندی ئینگلیزله باره‌ی ئازادییه‌وه” تاك به هه‌ندێك مافی سروشتییه‌وه له‌دایك ده‌بێت وه‌ك مافی ژیان و ئازادی و موڵك” ئه‌گه‌ر گه‌نگه‌شه‌ی چه‌مكی دیته‌رمینیزم(چاره‌نوس) له به‌رامبه‌ر دیده‌كه‌ی لوكدا بهكارببرێت، چ ئه‌نجامێكی ده‌بێت؟ وه‌ڵامی ئه‌مه مشتومڕێكی بێ ئاكامه،
جیاواز له لوك لای فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی كارڵ ماركس ی ئه‌ڵمانی” ئازادی مافی هه‌ڵبژرادن نییه، له كۆمه‌ڵگه سهرمایهداریهكاندا، به‌ڵكو ئازابوونیشه له‌و سیسته‌مه” خۆ ئه‌گه‌ر یۆتۆپیای یەكسانی چینایه‌تی بێتەگۆڕ، دیسان دهچوونە ناو سیسته‌مێكی تره كە ویستی مرۆڤ دایهێناوە، ئەگر له‌وه‌ش ئه‌ولاتر بڕوات بگات بە كۆمۆنی سهرەتایی، ئەویش جۆرێكە لەسیستەمی كۆبونەوەی ئامانجداری مرۆڤ لە چوارچێوەیەكدا.
ئاماژه به تێڕوانینی فه‌یله‌سوفیكی تر دەكەین ئەویش فەیلەسوفی بوونگه‌رایی سارته‌ری فهرهنسییە، ئه‌و پێی وایه” مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا ئازاده و به‌رپرسیاره له كرداره‌كانی خۆی، داوا ده‌كات مرۆڤه‌كان به كرداره‌كانیان به‌هاو مانا بۆ خۆیان دروستبكه‌ن” له دیدی سارته‌ره‌وه پێش وه‌خته بوونی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه خود بڕیاری لێده‌دات، كاتێك باسی بوون دەكرێت زات هه‌بوویی دەبێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وته‌ی ده‌گۆڕێت به‌پێی تایبه‌تمه‌ندییە وجودییەكە و هه‌روه‌ها دهركهوتهكانیش وابەسته‌ی گۆڕانهكانن. مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستكاری ههبووییهكانی بكات، ته‌نها ده‌توانێت ماهێتی بگۆڕێت. تاك به‌پێی ویستی خۆی هه‌وڵده‌دات چییهتیهكهی دیاری بكات.
مرۆڤ هیچ كات به ڕه‌هایی ئازاد نەبووە، ته‌نها توانیویەتی هه‌ڵبژاردن بكات له نێوان ئاڕاستەكاندا، ئه‌گه‌ر داشبماڵرێت له هه‌موو مەعریفە و بەها و زانست و باوەڕێك، ئه‌وكاتە دەبێت بەتاكێك كە غه‌ریزه‌كانی ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن.