عێراق گۆشتی ئەفریقی هاوردە دەكات

وەزیری کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی گۆشتی ئەفریقی و ماسی زیندووی بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ ئاشکرا کرد.

عەباس جبر ئەلمالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هاوردەکردنی گۆشتی ئەفریقی لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی حکومەتدایە بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت لە کاتێکدا بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵ لە عێراق و پلانمان هەیە لە وڵاتانی ئەفریقاوە هاوردە بکەین، بەڵام دەتوانین بڵێین بۆ مریشک و هێلکە لە ئاستی خۆبژێویداین.

ئەوەشی خستەڕوو، ماسی زیندوو و بەستووی هاوردەکراو بەم زووانە دەچنە ناو بازاڕەکانی عێراقەوە، هیوادارین نرخەکان کەمببەنەوە و پێداویستی و خواستی ناوخۆیی دابین بکەن.

وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، لە دوای ساڵی 2003 ەوە بە ملیۆنان دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە گۆڕدرا بۆ یەکەی نیشتەجێبوون، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتەکە بەجێهێشتووە.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی گەنم بۆ وەرزی داهاتوو، ئەلمالیکی ڕایگەیاند، پلانمان هەیە لە وەرزی داهاتوودا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم هاوشێوەی پێشتر بپارێزین کە دەکاتە ٦ ملیۆن تەن.

دڵخوازەكانتان