پزیشکیان سەردانی بەغدا دەکات

بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی فەرمیی ئێران و پێشکەشکار و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئێران، محەممەد حسێن ڕەنجبەران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە “مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران یەکەم وێستگەی سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ عێراق دەبێت و پەیامێکی گرنگیش دەبێ ناوچەکە و ئیسرائیل”.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕەنجبەران ئاشکرای کردووە “پزیشکیان بەر لەوەی بەرەو نیویۆرک گەشت بکات، کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو یەکەم سەردانی لەسەر داوەتنامەیەکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەغدا دەبێت و دواتر گەشتی نیویۆرک دەکات”.

محەممەد حسێن ڕەنجبەران، هەر لە بارەی سەردانەی پزیشکیان بۆ بەغدا نووسیویەتی “ئەو گەشتە مەودایەکی کورتی لەگەڵ پیادەڕەوی ئاپۆڕای چلەی ئیمام حسێن دەبێت، ئەمەش پەیامێکی تایبەتی بۆ ناوچەکە و ڕژێمی ئیسرائیل و ئەمەریکییەکان دەبێت”.

گەشتەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداربوون دەبێت لە 79یەمین خوولی کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە 24ی ئەیلوولی ئەم ساڵ لە نیویۆرک دەست بە چالاکییەکانی دەکات و 30ی ئەیلوول کۆتایی پێ دێت

مەسعود پزیشکیان لە 6ی تەممووزی ڕابردوو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و لە 31ی هەمان مانگدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو.

سەردانەکەی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە کاتێکدایە، بڕیار بوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران لە سەرەتای حوزەیرانی 2024 سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام لە 19ی ئایاری 2024، لە ڕووداوی کەوتنە خوارەی هێلیکۆپتەرەکەی لە سنووری پارێزگای تەورێز، هەر یەک لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمار و حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان سپارد. هەربۆیە دیار نییە ئەو سەردانەی پزیشکیان پەیوەندیی سەردانە نەکراوەی ڕەئیسییەوە هەیە یان نا و ئایا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات؟.

دڵخوازەكانتان