مووسڵ.. په‌رله‌مانتاران ناڕه‌زایى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن

‌ ته‌نها بۆ یه‌ك سه‌رۆكهۆز 300 كه‌سى دامه‌زراندووه

لیستێكى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبى، له‌ مووسڵ و چه‌ند پاریزگایه‌كى ترى عێراق، خه‌ڵكى به‌ ناوى حه‌شدى عه‌شائیرى له‌سه‌ر بودجه‌ى عێراق داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌ڵێ: ‌”داواى روونكردنه‌وه‌مان له‌ سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیرى دارایى كردووه‌، كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك دامه‌زراندنیان بۆ كراوه‌، له‌ كاتێكدا دامه‌زراندن له‌نێو بودجه‌ى 2021 نییە و هه‌زاران خاوه‌ن بڕوانامه‌ چاوه‌ڕوانى دامه‌زراندنن‌”.

شێروان جه‌مال دووبه‌ردانى،‌ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى ( فاڵح فه‌یاز) له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك به‌ تایبه‌ت له‌ مووسڵ و كه‌ركووك و ئه‌نبار، لەگه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكهۆز كه‌ كاندیدى هه‌ڵبژاردنى له‌ سنووره‌كه‌یان هه‌یه‌ به‌ناوى لیستى “عه‌تا” كه‌ سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ ( فاڵح فه‌یازه‌) به‌ سه‌دان كه‌سى دامه‌زراندووه‌ بۆیان به‌ ناوى حه‌شدى عه‌شائیرى بۆ مه‌به‌ستى هه‌ڵبژاردن و ئێستاش ئه‌و دامه‌زراندنه‌ به‌رده‌وامه‌.”‌

دووبه‌ردانى راشیگه‌یاند: “له‌ شارى مووسڵ له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا و باشوور و لە شنگال، زانیاریمان هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها بۆ یه‌ك سه‌رۆكهۆز 300 كه‌سى دامه‌زراندووه، كە كارتیشیان وه‌رگرتووه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و، وه‌كو حه‌شدى شه‌عبى له‌ حكوومه‌تى عێراقدا مووچەیان پێ دەدرێت، له‌ كاتێكدا به‌ هه‌زاران خاوه‌ن بڕوانامه‌ له‌ شارى مووسڵ و ته‌واوى عێراق هه‌ن له‌ ماڵه‌وه‌ن و چاوه‌ڕوانى دامه‌زراندنن‌.”

ناوبراو دەشڵێ: “بودجه‌ى 2021 هیچ پله‌یه‌كى دامه‌زراندنى تێدا نییه‌ و رێگا به‌ دامه‌زراندن نادات، بۆیه‌ چه‌ندان په‌رله‌مانتارى سه‌ر به‌ پارێزگاى مووسڵ له‌ ته‌واوى فراكسیۆنه‌كان نووسراوى فه‌رمیى ناڕه‌زایى خۆمان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیرى دارایى عێراق كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات ئه‌و دامه‌زراندنه‌ ڕابگیرێت و ئه‌وانه‌شى كه‌ دامه‌زراون، هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ئه‌م دامه‌زراندنه‌ پێكبێت”.

دڵخوازەكانتان