سەرۆك بارزانی دەیەوێ چیمان پێ بڵێت؟
زكری مووسا
بەرگی شەشەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد (كوردستان و عێراقی نوێ) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی كە لە دوو بەشی جیا و 1234 لاپەڕە و ژمارەیەكی زۆری دیكۆمێنت و وێنەی مێژوویی پێكهاتووە، باس لە قۆناغێكی گرنگ و پڕ لە دەستكەوت و هەوراز و نشێوی مێژووی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2003 هەتا 2016 دەكات.ئەو كتێبە لەلایەن كەسێكەوە نووسراوە كە ڕاستەوخۆ بەشدار بووە لە دروستكردنی ڕووداو و بڕیار و قۆناغە گرنگەكانی ئەو ماوەیە لە عێراق و كوردستان. ئەو كتێبە بە وردی پێمان دەڵێت كە ڕۆڵی كورد لە یەكخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و یارمەتیدانی هاوپەیمانان و بنیاتنانی عێراقی تازە و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو و نووسینەوەی دەستوور و هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سیستەمێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و تێپەڕاندنی قۆناغە تاریكەكانی پێشووی عێراق چەندە جەوهەری و یەكلاییكەرەوە بووە. هیچ گومانێك لەوەدا نیە ئەگەر ئامادەیی و دەستوبردی سەركردایەتی كورد نەبا پڕۆسەی ئازادسازیی عێراق و ڕووخانی ڕژێم، ڕووداوێكی ئەستەم و مەحاڵ دەبوو. بۆیە سیستەمی سیاسیی تازەی عێراق و تاك تاكی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراق قەرزاری ڕۆڵی كوردن لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا. ئەمە حەقیقەتێكە كە بەداخەوە هەر خۆشمان وا خەریكە لەبیری دەكەین و بایەخی پێ نادەین. بایەخی سەرەكیی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی لەوەدایە كە بەبیر خوێنەران و توێژەران و نوخبەی فكری و سیاسی و میدیایی كورد دەهێنێتەوە كە باش بزانن، بەبێ كورد عێراقی نوێ دانەمەزرا. بە خوێندنەوەی ئەو كتێبە بۆمان دەردەكەوێت كە چۆن كورد پێداگری كردووە لە مافە مەدەنیەكانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان و چەمكی شەراكەت و تەوافوق و تێپەڕاندنی لاپەڕە شوومەكانی پێشووی مێژووی عێراق. پێشمان دەڵێت، ئەوەی گەلانی عێراق تەمەننایان دەكرد و كورد زۆر هەوڵی بۆ دا، زۆر دەستی دەرەكی و ناوخۆیی هەبوون، نەیانهێشت بێتە دی. پێشێلكردنی دەستوور و نەفەسی تایفەگەری و پشتكردن لە بەڵێن و ڕێككەوتنەكان و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی و بەڵای تیرۆر و باڵادەستبوونی میلیشیاكان و ئەو دۆخە نالەبارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەی لە عێراقدا هەموومان پێیەوە دەناڵێنین، بووە وێنەی گشتیی عێراق و دەوڵەتی عێراق كەوتە سەرلیستی دەوڵەتە هەرە هەژار و گەندەڵ و ناسەقامگیرەكانی ناوچەكە. بەڵام ئەو هەڵگەڕانەوەیە چۆن ڕووی دا؟ كێ بوونە هۆكار بۆ ئەوەی عێراق بەو دەردە بچێت و خەڵك خۆزگە بە ڕابردوو بخوازێ؟ خوێندنەوەی بەرگی شەشەمی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارانەی بە ڕوونی تێدایە.لەبارەی دەركەوتنی داعش و قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە و ڕۆڵی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا كتێبەكەی سەرۆك بارزانی زانیاریی ورد و مێژوویی بۆ هەموومان دەخاتەڕوو. ئەو پێمان دەڵێ چۆنچۆنی پێشمەرگە دەرگیری شەڕێكی زۆر ئاڵۆز و دژوار بوو لەگەڵ دوژمنێكی تازەنەفس و دڕندە كە باشترین چەكەكانی سەردەمی لە هەردوو سوپای عێراق و سووریا كەوتبووە دەست. هاتنی داعش بەو فراوانیە و هەبوونی دەیانهەزار چەكداری بیانی لەناو ڕیزەكانی و پەلاماری دڕندانەیان بۆ كوردستان پڕۆژەیەكی شوومی هەواڵگریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو و، ویسترا وەك چەكێكی كوشندە لەدژی كوردستان بەكار بهێنرێت. ئەویش بە مەبەستی وەستاندنی گەشەی كوردستان و خنكاندن و تێكشكاندنی خەون و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان. لەو كتێبەدا لەوە تێدەگەین كە چۆن كورد بەرگریی كرد و شانازیی خوڵقاند و ئەفسانەی داعشی شكاند. لە شەڕی شكاندنی داعشدا پێشمەرگە لە بەرەیەكی 1000 كیلۆمەتریدا 14 هەزار شەهید و برینداری دا. لەباسكردنی شەڕی داعشدا پەیامی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە كورد خۆی بەدەستەوە نەدا و ئیرادەی هەبوو و بەرگریی كرد و سەرئەنجام بەسەر تیرۆردا سەركەوت. لەو جەنجاڵە سیاسی و میدیاییەی ئێستا هەیە دەیانەوێ كورد هەمیشە لە قەپێلكی خۆبەكەمزانین و بێئیرادەییدا بمێنێتەوە و مێژووی دوور و نزیكی خۆی نەزانێ و شەیدای ئەویتر بێت، یانیش گاڵتەی پێ بكات. شانازی و ڕۆڵ و قوربانیدانەكانی بەهەند وەرنەگرێ و فەرامۆشی بكات و بە سەرگەردانی و بێ هەدەفی بمێنێتەوە. بەڵام سەرۆك بارزانی لەو كتێبەیدا دەیەوێ بڵێت ئێمە هەبووین و هەین و دەشمێنین. دەبێ مێژووی خۆمان بزانین و قوربانیدانەكانمان هەرگیز لەیادی نەكەین. ئەگەر خۆمان قەدری خۆمان نەزانین و بایەخ بە شانازی و دەستكەوت و مێژوو و هەوڵ و دەستكەوتەكانمان نەدەین، كەس ناچار نیە بایەخمان پێ بدات و مێژوومان بە دروستی بۆ بنووسێتەوە… و سەرئەنجام دەكەوینە پەراوێزی پەراوێزەكان و نامێنین…